كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر رای دەگەینێت كە بڕی 25 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی بۆ هەر كەسێك تەرخان دەكات كە پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت.
لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەم لەلایەن كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر بڵاو كراوەتەوە، كونسوڵخانەكە رای گەیاندووە كە بڕی 25 هەزار دۆلار تەرخان دەكات بۆ هەر كەسێك كە پڕۆژەیەكی خزمەتگوزایی “باشی” بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت.
هەروەها كونسوڵخانەی ئەمەریكا داوا لە دەرچووانی پڕۆگرامی خزمەتگوزاری دەكات كە ناوی خۆیان لە پێگەیەكی تایبەت بە دەرچووانی خزمەتگوزاری تۆمار بكەن بۆ ئەوەی پرۆژەكەیان قبووڵ بكرێت.
كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر چەندین ساڵە كارەكانی خۆی لە هەرێم بەڕێوە دەبات و لقەكانی لە سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە هەیە. كونسوڵخانەكە لە بەیاننامەكەی دووپاتی دەكاتەوە كە مەبەستیان لە هاوكارییەكە تەنیا خزمەتكردنی كۆمەڵگەیە.
هەردوو حكوومەتی ئەمەریكا و عێراق لە 2008 رێككەوتننامەیەكی چوارچێوەی ستراتیجیان واژوو كردووە كە تیایدا ئەمەریكا پابەندە بە یارمەتیدانی عێراق و كاریكاریكردنی لە بوارە جیاجیاكاندا، هاوكات ئەمەریكا گەورەترین باڵوێزخانەی لە بەغدا لەسەر ئاستی ناوچەكە هەیە, جیا لەوەش ئەمەریكا پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە.