حكومه‌تى هه‌رێم: گه‌یشتنى 250 ملیار دیناره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراقى پشتڕاستكرده‌وه‌

وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتنى 250 ملیار دیناره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراقى بۆ هه‌رێم پشتڕاستكرده‌وه‌ به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد “دیار نییه‌ ئه‌و 250 ملیار دیناره‌ی به‌غدا ناردوویه‌تى، بۆچی نێردراوه‌”.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ “سه‌فین دزه‌یی” وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنفڕانسێكى رۆژنامه‌وانیدا له‌ شارى هه‌ولێر رایگه‌یاند “دیار نییه‌ ئه‌و 250 ملیار دیناره‌ی حكومه‌تی به‌غدا ناردویه‌تی، بۆچی نێردراوه‌، ئایا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌، یاخود بۆ چالاككردنی لقی بانكی ناوه‌ندییه‌ له‌ هه‌رێم”.

“سه‌فین دزه‌یی” ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد “گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق به‌رده‌وامن، رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش به‌ چوار خاڵ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م (حه‌یده‌ر عه‌بادی) سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ڵام هێشتا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌”.

لێدوانه‌كه‌ى وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى 250 ملیار دیناره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراقى كه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو “دیار نییه‌ ئه‌و 250 ملیار دیناره‌ی به‌غدا ناردوویه‌تى، بۆچی نێردراوه‌”، له‌ كاتێكدایه‌ دوێنێ چوار شه‌ممه‌ رێكه‌وتى 31 ى 1 ى 2018 “عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح” جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى و كاروبارى ئابورى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانیان حكومه‌تی عێراق مووچه‌ی مانگی یه‌كی ساڵى 2018 ی وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ چووه‌ته‌ بانكی ناوه‌ندی له‌ هه‌ولێر.

“عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح” ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد “حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان پێویسته‌ مووچه‌ی مانگی 10 ى ساڵى 2017 ى ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ دابه‌ش بكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌غدا بۆ مووچه‌ی مانگی 1 ی ئه‌مساڵه‌”.