سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای دەكات: 45 ساڵە هێندەی ئەمڕۆ ڕێژەی بێكاری كەم نەبۆتەوەو توانیویەتی وەرگرتنی باجیش بەجۆرێك كەم بكاتەوە كە لەمێژووی ئەمریكادا بێ وێنە بووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا یەكەم وتاری ساڵانەی خۆی لە كۆنگرێسی ئەمەریكا پـێشكەشكردو وتی: لەو كاتەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەنجامدراوە 2 ملیۆنو 400 هەزار هەلی كاری نوێ لە ئەمریكا ڕەخسێنراوە، لەوانە 200 هەزاریان لە بواری پیشەسازیدا بوون.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد: 45 ساڵە هێندەی ئەمڕۆ ڕێژەی بێكاری لە ئەمریكا كەم نەبووەتەوە، بە تایبەتی لەنێو ئەمریكیە بەڕەچەڵ ئەفریكیەكانو ئەمریكیە لاتینیەكاندا.
سەرۆكی ئەمریكا باسی لە گەشەكردنی بازاڕی بۆرسەی وڵاتەكەشی كردو وتی: لە ماوەیەكی كورتدا توانیویەتی 8 ترلیۆن دۆلار لە بەهاكەی زیادبكات، هەروەها تیشكی خستەسەر هەوڵەكانی ئیدارەكەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی دارایی كە توانیویەتی گەورەترین دابەزین بكات لە ئاستی وەرگرتنی باج لە مێژووی ئەمریكادا، چونكە بەپێی یاسای نوێی باجدان، خێزانێكی دوو كەسی تا داهاتی 24 هەزار دۆلار لەساڵێكدا هیچ باجیان لێ وەرناگیرێت، هەروەها خێزانێكی 4 كەسی كە داهاتی ساڵانەیان 75 هەزار دۆلارە تەنیا 2 هەزار دۆلار باج دەدەن، كە ئەمەش نیوەی ئەو باجەیە كە پێشتر دەیاندا.