دەستەی نەزاهەی عیراق ئاشكرای دەكاتك بریاری دەستگیركردنمان بۆ 17 وەزیر دەركردووەو زیاتر لە یەك ترلیۆنو 300 ملیار دیناریشمان بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندۆتەوە.
حەسەن یاسری سەرۆكی دەستەی نەزاهەی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری كارو چالاكیەكانی ساڵی 2017ی ئاشكراكردو وتی: لەو ساڵەدا 2 هەزارو 133 بریاری دەستگیركردنمان دەركردووە، لەو ژمارەیەش 996 بڕیاریان جێبەجێكراون، هاوكات فەرمانی دەستگیركردنمان بۆ 17 وەزیرو ئەوانەی لەو پلەیەدان، لەگەڵ 273 بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی پلە تایبەت دەركردووە.
سەرۆكی دەستەی نەزاهە ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو بڕە پارەیەی كە رێگری لە خەرجكردنو بەهەدەردانی كراوەو گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی یەك ترلیۆنو 173 ملیار دینار بووە، بەدۆلاریش 111 ملیۆنو 276 هەزار دۆلار گەڕێنراوەتە بۆ حكومەت، بەوپێیەش تەنها لەساڵی رابردوودا ڕێگە لە بەهەدەردانی یەك ترلیۆنو 305 ملیار دینار گیراوە.
هاوكات هۆشداریدا لە زیادبوونی چەكی ساختەو ڕایگەیاند: دەستەكەیان ڕۆژانە چەكی ساختە ئاشكرا دەكات كە بڕە پارەی خەیاڵی لەسەر نوسراوە، بۆیە پێویستە دامەزراوە داراییەكان هەڵوەستە لەسەر چەكی ساختەو مەقاسەی ئەلكترۆنی بكەن، كە دەرگایان بەڕووی گەندەڵیەكی گەورەدا كردۆتەوە.