فازڵ نەبی: بەربەستی گەورە لەبەردەم رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەدەكات بەربەستی گەورە لەبەردەم رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە و ڕوونی دەكاتەوە كە بەغدا ئامادە نییە قەرزەكانی هەرێمی كوردستان بداتەوە كە بڕەكەی 21 ملیار دۆلارە.

فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق راگەیاندوە، گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بەمشێوەیە نییە كە دڵمان پێخۆش بیت، چەنكە كێشەكان لە نێوان هەردوولادا زۆرە و بەغدا داواكاری زۆری لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە زۆر ئەستەمە هەرێمی كوردستان بەو هەموو داواكاریەی بەغدا ڕازی بێت.

روونیشی كردەوە، رێككەوتن ئاسان نییە و بەربەستی زۆر هەیە، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق  ڕەنگە بەهۆی هەندێك فشار مووچەی هەندێك وەزارەتی هەرێم ڕەوانە بكات و دواتر باس لەوە بكەن حكوومەتی عێراق هاوكاری هەرێم دەكات.

فازل نەبی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتی، بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان بەشێوەی بەردەوام بەغدا كۆمەڵێك مەرجی هەیە، یەكێك لەوانە ئەو قەرزەیە كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم كراوە و بەغدا داوای روون كردنەوە دەكات و ئەوقەرزانەیش ناداتەوە.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، بەپێی داتاكان حكوومەتی هەرێم نزیكەی 21 ملیار دۆلاری قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی لایە و حكوومەتی عێراقیش باسی لەوەكردووە ئەوان لەوقەرزانە بەرپرسیار نین.

بەرپرسەكەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، دیار نییە كە بەغدا كەی و چەند پارە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە هەرێم لە ڕووی داراییەوە هیچ بەرچاو ڕوونییەكی نییە.

لەبارەی هاتنی ئەو لیژنە وردبینیانەی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان فازڵ نەبی ڕای گەیاند، ئەو لیژنانەی نێردراونەتە هەرێمی كوردستان بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانە بۆ ئەوەی هەركاتێك هەرێم و بەغدا ڕێككەوتن لیستە وردبینی كراوەكان بكرێن بە بنەمایەك بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لێدوانەكەی ئەو بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە كاتێكدایە كە ئێستە چەندان لیژنەی وردبینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە هاتوون و وردبینی دەكەن، هاوكات دوێنی هەواڵی ئەوە بڵاو كرایەوە كە 250 ملیار دینار لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە.