سلێمانی دوو داواکاری لەبارەی خاڵە سنورییەکانەوە دەداتە عەبادی

دەستی باڵای خاڵە سنورییەکان ئەمڕۆ سێ شەممە ئاشکرایکرد کە لە پارێزگای سلێمانییەوە داوایەک بەرزکراوەتەوە بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران بەمەبەستی کردنەوەی دوو خاڵی سنوریی نوێ لە سنوری پارێزگاکە.

لە بەیاننامەیەکی دەستەکەدا بڵاوکراوەتەوە ” سەرۆکی دەستەی خاڵە سنورییەکان کازم عوقابی چاوی بە وەفدێک لە هەرێمی کوردستان کەوت و بەیەکەوە گفتوگۆیان لەبارەی کردنەوەی هەردوو خاڵی سنوریی سەیران بەن و کێلێ کرد لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ وڵاتی ئێراندا”.

ئاماژەی بەوەشکرد ” لیژنەیەکی هاوبەش لەهەردوولا پێکهێنراوە و سەرقاڵی کارەکانیان، وە بڕیارە ئەم پێشنیارە بەرزبکرێتەوە بۆ حەیدەر عەبادی بۆ ئەوەی ئەو دوو خاڵە سنورییە بکرێن بە فەرمیی”.

ئەوەشی روونکردەوە، پێشنیارەکە دەبێتە بچێتە بەردەستی حەیدەر عەبادی بەو پێیەی تەنها ئەو دەسەڵاتی باڵای حكومەتی فیدڕاڵە و دەتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە دەربکات.