حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 250 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت 250 ملیار دینارەکە گەیشتووە.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەوەی روونكردەوە، بڕی ئەو پارەیەی گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان 250 ملیار دینارە، لەبارەی چۆنییەتی خەرجکردنیشی گوتی “چاوەڕی نووسراوی بەغدا دەكەین بۆ جوڵەپێكردنی ئەو بڕە پارەیە”.
هەر پەیوەست بەو پرسە، مەسعوود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەكانیان ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-1-2018) وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیارێكی بۆ بانكی ناوەندی عێراق دەركردووە، كە بڕی 250 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان خەرج بكات، گوتی “وەكو باس دەكرێت، ئەو پارەیە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان”.
رۆژی دووشەممە 22-1-2018 لیژنە چاودێری دارایی عێراق بەمەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستیو پەروەردە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبوو، رۆژی یەكشەممە 28-1-2018 كارەكانیان لەناو دیوانی هەردوو وەزارتەكە تەواوكرد و، بۆ بەدواداچوونی زیاتر سەردانی شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیان كرد. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستێكی مووچەی راگەیاند، بەڵام لە لیستەكەدا ناوی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و چەند وەزارەتێكی دیكەی تێدا نەبوو.
بەپێی ئامارەكان وەزارەتی تەندروستی 51 هەزار فەرمانبەر و وەزارەتی پەروەردەش 168 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری هەیە، مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەت بەبێ پاشەكەوت نزیكەی 200 ملیار دینار دەبێت.