ئەمڕۆ نرخەکانی نەوتی خاو بەرزبووەوە ئەویش بەھۆی بەھێزی خواست، و دابەزینی بەھای دۆلارەوە.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز، ھەتا کاتژمێر چوار و چلوچوار خولەکی سپێدەی ئەمڕۆ دووشەممە، نەوتی خاوی برنت بەرزبووەو، بەرمیلێکی گەیشتە ٧٠ دۆلار و ٤٩ سەنت.
ھەروەھا نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس، ٢٠ سەنت بەرزبووە، و بەرملێکی بە ٦٦ دۆلار و ٣٤ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتی خاو بریتیە لەوەی کەمبوونەوەی نەوتی خاوی کەڵەکەبوو لەبازاڕەکانی جیھاندا دوای رێکەتنەکەی رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و ڕوسیا، کە لەسەرەتای ساڵی ڕابردووە چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و وابریارە ھەتا کۆتایی ئەمساڵ کاری پێ بکرێت.
ھەروەھا ھۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکان بریتییە لە بەھێزبوونی خواست لەسەر نەوتی خاو، و دابەزینی بەھای دۆلاری ئەمەریکی.