لیژنە ھاوبەشەکانی سلێمانی ھاوڵاتیان لەم دەرمانه قڕکەرانه ئاگادار دەکاتەوە

دەرمانانەی بۆ لەناوبردنی مێروو لە ماڵاندا بەکار دەھێنرێت، لە کۆمەڵێک پێکھاتەی کیمیایی دروستدەکرێت کە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی لێ دەکرێت، و سەرۆکی لیژنەی نوسینگە کشتوکاڵیەکان رایدەگەیەنێت دەستیان بەسەر بڕێکی زۆردا گرتووە.

بێستون علی، سەرۆکی لیژنەی نوسینگە کشتوکاڵیەکانی سەربە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: رۆژانە سەردانی نوسینگە و کۆمپانیا و خانووە پلاستیکەیە کشتوکاڵیەکان دەکەن و پشکنینی بۆ ئەو دەرمانانە دەکەن لە کشتوکاڵکردن یاخوود بۆ لەناوبردنی مێروو بەکاردەھێنرێت، بەم ھۆیەشەوە لەلایەن لیژنەکەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی لەناوبردنی مێروودا گیراوە.

سەرۆکی لیژنەکە وتیشی: یەکێک لەو ماددە مەترسیدارانەی لە دروستکردنی دەرمانی قڕکەردا بەکار دەھێنرێت (پایپەرماپین)ە، و لیژنەکە دەستی بەسەر برێکی زۆر دەرماندا گرتووە کە رێژەیەکی زۆر لەو ماددە ژەھراویە لە پێکھاتەیدا ھەیە، کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکەی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تۆمارنەکراوە، و بەرھەمەکانیان جێی مەترسیە، لەبەرئەمەش قەدەغەکراوە و رێگری لە کڕین و فرۆشتنی دەکرێت.

سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی بە ئەوەکرد کە: پێشتر لەلایەن لیژنەکەوە ئاگاداری سەجەم نوسینگە و کۆمپانیا کشتوکاڵیەکان کراونەتەوە لە ھاوردەنەکردن و نەفرۆشتنی ئەو ماددە مەترسیدارانە، ئەو بڕشی دەستی بەسەردا گیراوە لەناودەبرێت و خاوەنەکانیشیان رووبەرووی یاسایی دەکرێنەوە.

پایپەرماپین، بە دوو شێوە مرۆڤ بەکاری دەھێنێت، بەشێکی راستەوخۆ لەماڵەکاندا وەک دەرمانی لەناوبردنی مێروو بەکاردەھێنرێت و بەشەکەی تر بەشێوەیەکی لاوەکی و لەڕێی سەوزەو میوەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لەئەگەری بەکارھێنانیشی دەبێتە ھۆی لەدەست دانی بەھای خۆراکی بەرھەمەکان و زیانێکی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.