به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای خۆراك له‌سلێمانی رایگه‌یاند: له ئێستادا ده‌ست به‌دابه‌شكردنی چه‌ند به‌شه خۆراكێكی مانگی 10ی ساڵی پار كراوه‌و دوای گه‌یشتنی به‌شه‌خۆراكی نوێ له به‌غدا، دابه‌شكردنی به‌شه‌خۆراك بۆ مانگی یه‌كی ئه‌مساڵ ده‌ست پێده‌كات.
شه‌وكه‌ت محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای خۆراك له‌سلێمانی ڕایگه‌یاند: له‌ئێستادا ده‌ست به‌دابه‌شكردنی به‌شه برنج و به‌شه زه‌یتی مانگی 10ی ساڵی 2017 كراوه‌و دابه‌شكردنی به‌شه شه‌كری مانگی 8ی پار ساڵیش ده‌ستیپێكردووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای خۆراك له‌سلێمانی وتیشی: له‌ناو سه‌نته‌ری شاری سلێمانی پرۆسه‌كه دهستیپێكردوهو دوای ئه‌وه‌ش دابه‌شكردنی به‌شه‌خۆراك له‌قه‌زاو ناحیه‌كان ده‌ستپێده‌كات.
سه‌باره‌ت به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان بۆ ئه‌و بهشهخۆراكانهی كه نه‌دراون ناوبراو بۆ snn وتی: ئه‌وه حكومه‌تی عیراق بڕیاری كۆتاییان له‌وباریه‌وه ده‌دات و كه ئاخۆ به‌شه‌خۆراك دابه‌شده‌كرێت یاخود قه‌ره‌بوی هاوڵاتیان ده‌كرێته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای خۆراك ئاشكرایكرد، دوای كۆتاییهاتنی ئه‌و بهشهخۆراكانهی له‌ئێستادا دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌شه‌خۆراكی دیكه له‌لایه‌ن به‌غداوه ڕه‌وانه‌بكرێت ده‌ست به‌دابه‌شكردنی به‌شه‌خۆراكی مانگی یه‌كی ئه‌مساڵ ده‌كرێت.