بەمەبەستی پیرۆزبایكردن لە سەرۆكی نوێی شارەوانی سلێمانی،سەرۆك و ئەندامانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی شارەوانی شارەكەیان كرد.
هەریەكە لە سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەك لە ئەندامان،سەردانی یوسف یاسین سەرۆكی نوێی شارەوانی سلێمانیان كرد.
لە سەردانەكەدا سەرۆك و ئەندامانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هیوایان خواست سەرۆكی نوێی شارەوانی بتوانێت لە ئایندەدا كار و پرۆژەی باشتر پێشكەشی شاری سلێمانی بكات، بەڵێنیشیاندا وەك ژوری بازرگانی و پیشەسازی هاوكارو پیشتگیری شارەوانی سلێمانی دەكەن لە سەرخستنی كارو پرۆژەكاندا.
ئەندازیار یوسف یاسین محەمەد لەدایك بووی ساڵی 1962ی گەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانییە، دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری بەشی شارستانییە لەزانكۆی سەڵاحەدین، وەك ئەندازیار لە 1994-1996 لەمنداڵپارێزی بریتانیا كاری كردووە، لەساڵی 2000-2002 لەگەڵ كۆمپانیای (zug um zug) لەشاری كۆڵن لەبواری چاككردنەوەی بینا كاریكردووە. جگە لەزمانی كوردی، بەزمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، توركی توانای ئاخاوتنی هەیە.