سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووكانی ئەمەریكا، پلانێك بۆ پێدانی رەگەزنامەی ئەمەریكی بۆ ملیۆنێک و 800 هەزار پەنابەر پێشكەش بە کۆنگرێسی ئەو وڵاتە دەكات.
كۆشكی سپی، لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێشنیاری پلانێکی کردووە بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ رێگەدان بە پێدانی رەگەزنامەی ئەمەریكی بۆ ئەو پەنابەرانەی بە نایاسایی چوونەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە.
پلانەکە، بە ماوەی 10 بۆ 12 ساڵ جێبەجێدەکرێت و ئەو كۆچبەرە گەنجانە لێی سوودمەند دەبن، كە لە منداڵەییەوە چوونەتە ئەمەریکاوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر ترەمپ هەڵوێستی توندی هەبووە لەسەر ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەی نایاسایی سنوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایان بەزاندووە.
لە لایەكی ترەوە ترەمپ داوا لە كونگرێس دەكات، بڕی 25 ملیار دۆلار خەرجبکەن بۆ دروستكردنی دیواری سنووری لەگەڵ مەكسیك كە بە درێژایی 1300 کیلۆمەتر دەبێت.