سلێمانی: بڕی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دیاری دەكرێن


بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ، هاوردەی بەروبوومی پەلەوەری دیاری ده‌كرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت: بەمەرجەكانی ڤێتەنەری و تەندروستی بەرهەمەكان هاوردە دەكرێت. 

ئەمڕۆ پێنج شەممە 2018.1.25 لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچوونەوە بەبڕی ئەو بەروبووم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

لە دوای كۆبوونەوەكەش رزگار حەمەد خدر – جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ووتی: بەلەبەرچاووگرتنی هاوسەنگی راگرتن لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو، هەروەها بەرز نەبوونەوەی نرخی بەرهەمی پەلەوەر لەسەر هاوڵاتیان، لیژنەكە بڕیاری لەسەر بڕی بەرهەمی هاوردەكراو داوە بۆ مانگی 2 (شوبات).

وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی بەروبومی ناوخۆ كراوەتەوە بۆئەوەی لەگەڵ بەروبوومە هاوردەكراوەكاندا هاوسەنگ بێت. بڕیاریش دراوە بە هەموو جۆرێك رێگە بگیرێت لە هاوردەكردنی هێلكە و جوجك و مریشكی زیندو بۆ ناو هەرێم.

 رزگار محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد: بڕی ئەو بەروبوومانەی لە مانگی شوباتدا هاوردە دەكرێن بریتی یە لە 600 تۆن ماسی، 500 تۆن مریشكی بەستوو لە بەپێی پشكنینی تەندروستی و 500 تۆن گۆشتی سور و 510 تۆن هێلكەی خواردن.