شاندێکی حکومەتی بەغدا بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەی سنووری سەیران بەن و کێلێ لە ھەرێمی کوردستانە.
ڕائید دلێر فەرەج میرزا، بەڕێوبەرەی دەروازەی سەیران بەن بەخەندان-ی ڕاگەیاند، “بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق شاندێک کە لە نوێنەری چەند وەزارەت و دەزگایەکی فەرمی حکومەتی عیراق پێکھاتوون ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی دەروازەی کێلێ و سەیران بەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بڕیارە دوای لێکۆڵینەوە لە سەرجەم پێویستییەکانی بوون بە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی، حکومەتی ھەرێم بە ھەماھەنگ لەگەڵ عێراق بڕیاری بۆ دەربکات”.
بەڕێوبەرەی دەروازەی سەیران بەن وتیشی، “شاندەکەی بەغدا ژمارەیان 10 کەسەو لە نوێنەری وەزارەتەکانی پلاندانان، بازرگانی، دەرەوە، کشتوکاڵ، گواستنەوە، دارایی، تەندروستی، پەیوەندییەکان و یەکەی ئاسایشی نەتەوەیی پێکھاتوون”.
ئەوەشی خستەڕوو، “شاندێکی ھەرێمیش کە لە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی و نوێنەری پارێزگای سلێمانی و قایمقامی قەڵادزێ و بەڕێوبەری دەروازەی سەیران بەن و جێگری بەڕێوبەری نشینگەی سلێمانی و بەڕێوبەری دەروازە باشماخ پێکدێت لەگەڵ شاندەکەدان”.
بەرێوەبەری دەروازەی سەیران بەن ڕاشیگەیاند، “شاندەکە پشکنین و لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ دەروازەکان لە ئەگەری پێویستییەکان بۆ بوون بە دەروازەی نێودەوڵەت، بڕیاریشە دوای ھەفتەیەک لە سەردانی ئەو شاندەی بەغدا بە نوسراوی فەڕمی وەڵاممان بدرێتەوە”.