بەمەبەستی پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی پرۆژەی گواستنەوەی خوێندكاران لە ماڵەوە بۆ خوێندنگا و بە پێچەوانەوە، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوبەری گواستنەوەی سلێمانی و نوێنەری پەروەردە و لیژنەی هاتووچۆ و نوێنەری ئاسایش و چاودێری بازرگانی و بەشێكی زۆر لە بەڕێوبەری قوتابخانە و خوێندنگە ئەهلییەكان كۆبووەوە بەمەبەستی ریكخستن و دبەزاندنی نرخی گواستنەوەی قوتابیان.
لەڕاگەیەنراوێكدا ، قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردوەتەوە ” لە كۆبوونەوەیەكدا ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوبەری گواستنەوەی سلێمانی و نوێنەری پەروەردە و لیژنەی هاتووچۆ و نوێنەری ئاسایش و چاودێری بازرگانی و بەشێكی زۆر لە بەڕێوبەری قوتابخانە و خوێندنگە ئەهلییەكان جەختی لە بەردەوامبوونی كاری ئەو لیژنە تایبەتە كردەوە كە كاری رێكخستنی گواستنەوەی خوێندكاران دەكەن لە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن بە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا و زانكۆكان بە ئەهلی و حكومییەوە. “
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە” قائیمقامی سلێمانی لیژنەكەی راسپاردووە لەگەڵ كاركردن بۆ دابەزاندنی نرخەكان، گرنگی بە كوالێتی و سەلامەتی گواستنەوەی خوێندكاران بدەن و رێگەنەدەن هیچ كێشەیەك بۆ خوێندكاران و ئیدارەی خوێندنگاكان دروست ببێت.”
لەبارەی ئەو مەرجانەی بۆ پاس و تاكسییەكان دانراوە بۆ ئەوەی خوێندكاران هاتوچۆ پێ بكەن، سەرۆكی لیژنەی هاتوچۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێویستە ئەو پاسانەی خوێندكارانی پێ دەگوازرێتەوە مەرجی توندوتۆڵییان هەبێت و گەرمی و ساردی ئیش بكات و بەپێی ژمارەی كوشنەكان خوێندكار بگوازرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نرخەكان لەلایەن نوێنەری چاودێری بازرگانییەوە بەپێی نزیكی و دوری شوێنەكان دیاری دەكرێن.