سلێمانی: ھەموو جۆرە مۆبایلێک ٩٠ دۆلار لەنرخەکەی زیادبووە


لەئێستادا لەبازارەکانی کوردستاندا بەشیوەیەکی بەرچاو لەماوەی یەک مانگداھەر مۆبایلێکی زیرەک ٩٠ دۆلار لەنرخی خۆی بەرزبۆتەوە بازرگانانی ئەو ئامێرانەش ڕایدەگەیەنن ھۆکارەکەی نەبونی فڕۆکەخانە وزیادبونی گومرگە.

ڕێبین عبدلرەحمان بەڕێوەبەری فرۆش لە کۆمپانیای ئەسێ بۆ بازرگانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان وتی” لەئێستادا مۆبایل لەبازاڕەکاندا کەمبۆتەوە وە ھێنانیشی قورس بووە جاران دەمانتوانی بەئاسانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەوە ئامێرەکان بێنین بەڵام ئێستان نیە وە گومرگیش لە بەغداوە زیادی کردووە بۆ نزیکەی %١٧ وە ڕێگەی ئاویشی نەھێشتووە”.

وتیشی” بەراورد بەیەک مانگ لەمەوبەر گەر مۆبایلێکی ئایفۆنی ٨ بە ٨٢٠ دۆلاربوو ئێستا بە ٨٩٠ دۆلارە وە مۆبایلی ئایفۆنی ئێکس کە بە ١١٠٠ دۆلاربوو ئێستا بووە بە ١٢٢٠ دۆلار وە گالاکسی نۆت ھەشت بە ٧٣٠ دۆلاربوو ئێستا بە ٧٨٠ دۆلارە کە بۆ ھەر مۆبایلێکی زیرە تە ٩٠ دۆلار چۆتە سەر نرخەکەی”.

ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریەی لەنرخدا ڕویداوە ،بەردەوامیش خواست لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان زۆرە و داواکاری لەزیادبوندایە.

بەڕێوەبەری فرۆشی ئەو کۆمپانیایە دەشڵێت” لەئێستادا ئێمە ڕێگەی ھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکانمان گۆڕیوە بۆڕێگەی ئاوی بۆ بەندەر عەباس و بۆماوەی ٢٠ ڕۆژ دەگاتە دەستمان و لەباشماخەوە دەی ھێنینە ناو کوردستان”.

ئەوەشی ڕونکردەوە” لەئێستادا نرخی مۆبایل لە بەغداد یش زۆر گرانبووە  بەھۆی گرانبونی گومرگ ، ھەندێک جار لێرەوە دەڕوات بۆ ئەوێ کەپێشتر ئێمە لەوێوە زۆرجار بەھەرزانتر دەستمان دەکەوت”.

لەئێستادا ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە مۆبایلە ھۆشمەندەکان دەدەن و خواستیان زۆرلەسەرە لەگەڵ کەوتنە بازاڕی ھەر مۆدێلێکی نوێدا لێرەش داواکاری لەسەری  زیاد دەبێت.

شوان تارق یەکێک لەفرۆشیارانی مۆبایل لەشاری سلێمانی ڕایگەیاند” ڕاستە لە ئێستادا مۆبایلە زیرەکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو گرانبووە ھەر مۆبایلێک لە ٧٠ دۆلار تا ٩٠ دۆلار بەرزبۆتەوە ئەمەش بەھۆی زیادبونی گومرگ لەسەر ئەو ئامێرانە وە داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان زیانی زۆری بە بازرگانان گەیاندووە”

ئەو فرۆشیارە دەشڵێت” لەئێستادا مۆبایل لەبازاڕدا کەمبۆتەوە چونکە بازرگانان ناتوانن بەو گومرگە زۆرە ھاوردە بکەن لەبەغداوە کە دێتەوە کوردستانیش جارێکی تر گومرگ دەکرێت کەلەسەر فرۆشیاران زۆردەکەوێت و بۆھاوڵاتیانیش زۆر گران دەبێت”.

بەھۆی بەردەوامی پێشکەوتن لەئامێرە ئەلکترۆنیەکان گۆڕانکاری خێرا لەجۆرێتیاندا خواست لەسەر ئەو ئامێرانە زۆرە و لەلایەن بەکارھێنەرانەوە داوادەکرێن.