تائێستا پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیدا نەگۆڕاوە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوپاتیدەكاتەوە، تائێستا حكومەتی عیراق گۆڕانكاری لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2018دا نەكردووە و ئەگەر تێبینی فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بەهەند وەرنەگیرێت، ئەوا ئەو پرۆژەیاسایە تێناپەڕێت.

مەسعود حەیدەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بۆ رادیۆی نەوا وتی “فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا، هەماهەنگیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا هەبووە لە كاتی داڕشتنەوەی تێبینییەكان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی و ئەگەر حكومەتی عیراق پشكی هەرێم زیاد نەكات، ئەوا سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەنگی پێنادەن”.

وتیشی “نوێنەرانی كورد تێبینییەكی زۆریان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە هەیە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی هەیە بە پشكی هەرێم و پرسی هێزەكانی پێشمەرگەو حاڵەتی بەرزبونەوەی رێژەی خەرجییە سیادییەكان بەشێوەی نائاسایی”.