بڕیارەی سبەی كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لەژێر دروشمی “دروستكردنی داهاتوویەكی هاوبەش لە جیهانێكی تێكشكاو” بە بەشداری چەندان وڵات دەست بەكارەكانی بكات و هەرێمی كوردستانیش بەشداری كۆڕبەندەكە دەكەن و پێشبینی بەشداری 70 سەركردەی وڵاتان و ژمارەییەكی زۆر لە سەركردەی وڵاتان دەكرێت لە كۆڕبەندەكەدا.
سبەی لە وڵاتی سویسرا 48ـەمین كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆڕبەندی ئابووری جیهان لە خۆ دەگرێت و لەسەر ئاستی باڵا و كەسی یەكەمی وڵاتەكان بەشداری كۆڕبەندەكە دەكەن بەجۆرێك ترەمپ و چەندان سەركردەی تر تیایدا ئامادە دەبن.
جیاواز لە ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا هەریەكە لە ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆك كۆماری فرەنسا و تیرزای مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و شا عەبدوڵا پادشای ئوردن و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چەندان سەرۆكی تری وڵاتان لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی ئەمساڵدا ئامادە دەبن.
كۆڕبەندی ئەمساڵ لەژێر ناوی “دروستكردنی داهاتوویەكی هاوبەش لە جیهانێكی تێكشكاو” گفتوگۆی تێدا دەكرێت كە زیاتر لە 70 وڵات بەشداری دەكەن.
لە كۆڕبەندی داڤۆس وڵاتان داوادەكەن حكوومەتەكان یارمەتیدەربن بۆئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری كێشە و تەنگژەكانی كارا بكرێت و سیستەمی جیهانی لەسەر بنەمای ڕێككەوتن بەڕێوە ببرێت و دۆخی هەڕەشە تەناهییەكان و كۆچبەران و تێكەڵكردنیان لەگەڵ كۆمەڵگە و قۆناغێكی نوێ لە سیاسەتی وزەی دنیا و پاراستنی ئاسایشی ئینتەرنێت و كۆتاییهێنان بە گێچەڵی سێكسی گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
لە كۆڕبەندی ساڵی ڕابردوو مەسعود بارزانی لە پانێلێكی كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس كاتێك بەشداری كرد ڕای گەیاند كە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بەڵێنی ئەوەی داوە درێژە بە هاوكارییەكانی پێشمەرگە دژی داعش بدات.
لە میانەی قسەكانی میوانەكانی تری ئەو پانێلە باس لەوە كرا كە لایەنی تەناهی ئەوروپا بە لایەنی تەناهی رۆژهەڵاتی ناوەراست گرێ دراوە، بۆیە دەبێت رۆژئاوا كار لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی تەناهی ناوچەكە بكات.
كورد لە ساڵی 2013 و 2014 و 2017 بەشداری كۆنگرەكەی كردووە و سبەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆڕبەندی داڤۆس دەكات، لە دواین كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە داڤۆس لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق كۆ دەبێتەوە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.
كۆڕبەندی داڤۆس ساڵی ڕابردوو لە سێشەم 17 كانوونی دووەم/یەنایەر لە شارۆكەی داڤۆسی وڵاتی سویسرا، بە بەشداری 540 سەركردە و سەرۆكی وڵاتان و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و گەورە سەرمایەدارانی دنیا و پسپۆڕان و ڕۆژنامەوانان، دەستی بەكارەكانی كرد و كۆڕبەندەكە ماوەی سێ ڕۆژ خایەند و 20ی هەمان مانگ كۆتایی هات، ئەو كۆڕبەندە مێژووی یەكەمین بەستی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1971.