عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ساڵی ڕابردو لە کۆبونەوەی ژمارە سێی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەزامەندی نیشاندرا لەسەر کردنەوەی لقی زانکۆی (VSB-Technical University Ostrava) چیکی لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یاسای زانکۆ تایبەتەکان ئەو داوا بەرزکرایەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە (٣٦١) لە ڕێکەوتی (٢/١/٢٠١٨) ڕەزامەنی نیشاندا لەسەر کردنەوەی لقی ئەو زانکۆیە لە شاری هەولێر.
عەباس ئەکرەم ئەوەشی ڕاگەیاند: زانکۆی (VSB-Technical University Ostrava)چیک یەکێکە لە زانکۆ پێشکەوتوەکانی جیهان و، لە ڕیزبەندی پێشەوەی زانکۆکانی جیهانە، بەتایبەت لە بواری ئەندازیاری، وتیشی کردنەوەی ئەو زانکۆیە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ بواری خوێندنی باڵا لە کوردستان، چونکە بۆ یەکەمین جارە کە زانکۆیەک خاوەن ئەو ڕانکینگە بەرزە بێ لە ئاستی جیهان لقێکیان لە کوردستان بکەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە پرۆپۆزەڵی کردنەوەی لقی ئەو زانکۆیە بە لێژنەی باڵای دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و سەرجەم ڕێکار و ڕێنماییە یاسایی و کارگێڕییەکاندا تێپەر بوە.