بەرێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لەسلێمانی هۆكاری دابەش نەكردنو دواكەوتنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان ئاشكرادەكاتو تەئكید دەكاتەوە، هۆكارەكەی راگرتنی خەرجیەكان بووە لەلایەن حكومەتو وەزارەتی داراییەوە.
شەوكەت محەمەد بەرێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لەشاری سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی راگرتنی خەرجیەكان لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە لەماوەی رابردوودا كە پەیوەندی بەپارەی بەڵێندەرانەوە هەبوو نەتوانراوە پارەی پێویستیان بۆ دابین بكرێت، ئەوەش وایكردووە نەتوانرێت بەشە خۆراكی پێویست دابین بكرێت.
وتیشی: لەئێستادا لەكۆگاكاندا بڕی پێویست خۆراك دابینكراوەو برنج و شەكری پێویست لەبەردەستدایەو دەستكراوە بەدابەشكردنی بەشە شەكری مانگی ئابی ساڵی رابردوو لەرێی بریكارەكانەوە.
بەرێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لەسلێمانی روونیشكردەوە: بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی دانراوە دەست بەدابەشكردنی بەشە خۆراك بەسەر هاوڵاتیان دەكرێتەوەو هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ گرفتێك لەدابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەدا نابێت.