خه‌ڵك‌و بازاڕ له‌پرۆژە یاسای باج‌و رسومات ناڕازین

پرۆژە یاسای باج‌و رسومات، كه‌ له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردودا بڕیاری‌ له‌سه‌ردراوه‌، ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵك‌و بازرگانانی‌ لێكه‌وته‌وه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێت “پرۆژە یاسای باج‌و رسومات كێشەیەكی زۆری بۆ كەرتی تایبەت دروستكردوە، چونكە زۆر بەی مادەكانی ناو پرۆژەكە روی لەوانە”.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەفراكسیۆنی یەكێتی، موحەمەد رەسوڵ موراد بە‌ راگەیاند ئەو بابەتە بەهەڵە گەیشتوەتە هاوڵاتیان، ئەو وتی “رسوماتەكە هیچ پەیوەندییەكی بەماڵان‌و هاوڵاتیانی ئاساییەوە نیە، بەڵكو پەیوەندی بە‌كۆمپانیا‌و شوێنە بازرگانی‌و گشتیەكانەوە هەیە، بەڵام لەناو خەڵك بەهەڵە بڵاوكراوەتەوە‌و جۆرێك لەنیگەرانی‌و ترسی لەلادروستكردون”.

وتیشی‌ “نادادپەروەریی لەپرۆژە یاسای باج‌و رسومات هەیە، نادادپەروەرییەكەش لەوەدا دەبینم، كە لەسەر نرخی هەڵواسینی تابلۆی دوكان‌و بازارەكان جیاوازی نەكراوە، بۆ نمونە تابلۆی دوكانێك لەناو بازاری دەبۆكەی شاری سلێمانی یان لەناو جەرگەی بازار ئەگەر نرخەكەشی زۆربێت رەنگە كێشەیەك دروست نەكات، بەڵام ناكرێت هەمان نرخ بۆ تابلۆی دوكانێك دابنرێت كە لەناحێیەكی دورە دەستە‌و بازارێكی ئەو تۆی نیە”. ئاماژە بەوەشدەكات لە دونیادا باج‌و رسومات كۆڵەكەی راوەستانی حكومەتەكانە، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەهەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی تری جیهان هەمو پێداویستیەكان بۆ هاوڵاتیان دابینكراوە تا باج‌و رسوماتیان لێوەر بگیرێت، ئەو وتی “ئاخر ئەمە كێشەكەیە”.

به‌ڵام سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بەوەكالەت، یوسف یاسین راگه‌یاند كه‌ ئەو پڕۆژه‌ یاسایەی باس دەكرێت پشتبەستوە بە‌یاسای 63 ی سەردەمی رژێمی پێشوی عێراق، لەساڵی 1992 لەدوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان دروستبو بریار درا كار بەیاساكانی پێشوی رژێمی پێشوعێراق تا كاتی دروستبونی پەرلەمان بكرێت، لەدوای ئەو رێكەوتەوە، هەریاسایەك لەبەغداوە دەربچێت لەهەرێم هەموار بكرێتەوە، پرۆژە یاسای باج‌و رسوماتیش لەو چوارچێوەدایە، ئه‌و وتی‌ “هۆكاری دواكەوتنی خستنە بواری جێبەجێكردنی یاساكە، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە پێشتر دۆخی ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر باش بو، پێویستی زۆری بە‌كۆكردنەوەی پارەنەبوە لەرێگەی باج‌و رسوماتەوە، بەڵام كاتێك قەیرانی دارایی روی لەهەرێم كرد، حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی خۆی خستە گەر بۆ ئەوەی زیاتر پشت بە‌باج‌و رسومات ببەستێت، ئەوە بو جارێكی تر پرۆژە یاسای باج‌و رسوماتی هێنایە پێشەوە‌و گۆرانكاری تێدا كرد”. 

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بەوەكالەت ئاماژە بەوە دەكات پێشتر چەند جارێك بانگەوازی تەندەرین كراوە بۆ ئەو كۆمپانیایانەی كە دەتوانن روماڵێكی وردی دوكان‌و بازار‌و شوێنەبازرگانیەكان بكەن بەڵام هیچ كۆمپانیایەك نەهاتوەتە پێشەوە، ئەو وتی “لەشاری هەولێر پرسەی روماڵكردنی بازار‌و دوكان‌و شوێنەبازرگی‌و پیشەییەكان تەاو بوە، بەڵام لەشاری سلێمانی دواكەوتوە، شاری سلێمانی دابەشكراوە بەسەر 6 بەش 4 بەشی تەواو بوە‌و 2 بەشی ماوە، كە ئەوانیش بریتین لە بەكرەجۆ‌و راپەرین، روماڵەكە بەپێی داتا‌و زانیاری ورد‌و بەرنامەی كۆمپیوتەری دەبێت”.

وتیشی‌ “دۆخی ئێستای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو بارودۆخە دارایی‌و ئابوریەی روبەروی بوەتەوە رەچاو كراوە، بەپێی پرۆژە یاساكە تەنها پارەی خۆڵ‌و خاشاك لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت، كە نرخەكەی 5 هەزار دینارە بەڵام بەهۆی دۆخی ئابوری لە ئێستادا ئەو برە پارەیە لەهاوڵاتیان وەرناگیرێت”.

له‌به‌رامبه‌ریشدا سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانیش، سیروان موحەمەد پێی وایە بریارەكە پەیوەندی بە‌ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ئەو بە‌ئاوێنەی وت ” بەداخەوە وەزارەتی داریی‌و ئابوری هەرێم كارێك ناكات ببێتە مایەی دڵخۆشی هاوڵاتیان، ئێستا دۆخی هاوڵاتیان زۆر خراپە، پاشان پرۆژە یاسای باج‌و رسومات كێشەیەكی زۆری بۆ كەرتی تایبەت دروستكردوە، چونكە زۆر بەی مادەكانی ناو پرۆژەكە روی لەوانە”.

داواشدەكات حكومەتی هەرێم پێداچونەوە بە‌پرۆژەیاساكەدا بكات بەتایبەت لە بوارەكانی كارەبا، ئاو، گومرگەكان، پێشی وایە پرۆژەكەی حكومەت پێچەوانەی پرۆژەیاسای وەرگرتنی باج‌و رسوماتی حكومەتی عێراقیە.

ئابوریناسێكیش جه‌غت له‌وه‌ ده‌كات ئەگەر پارەی باج‌و رسومات لەپێناو هاوڵاتیان خەرجنەكرێتەوە دەبێتە سەرانە”، موحەمەد گەناوی، شارەزای كاروباری ئابوری راگەیاند لەوڵاتانی دونیادا هەمیشە باج‌و رسومات هەبوە‌و هەیە، بەڵام ئەوان پارەی باج‌و رسومات بۆ خزمەتكردنەوەی هاوڵاتیەكانیان خەرج دەكەنەوە، لەبوارەكانی كارەبا، ئاو‌و ئاوەرۆ، شەقام‌و رێگاو بانەكان، كەرتەكانی تەندروستی‌و پەروەردە‌و رۆشنبیری‌و زانستی‌و ژینگەیدا، ئەو وتی “ئایا ئەو باجەی لەخەڵكی هەرێمی وەردەگرن لەرابردو‌و ئێستا بۆ خزمەتی باجدەرەكان بەكار دەهێنرێتەوە؟، حكومەتی هەرێم بەچەندین شێواز‌و هۆكاری جیا جیا باجی لەخەڵك وەرگرتوە، خەڵكیش تا ئێستا بەناچاری باجی خۆیانداوە، بەڵام دەبێت هەمومان فێربین‌و لەكاتی باجدان پرسیار بكەین ئایا ئەم پارە بۆ كوێ‌ دەچێت‌و بۆخزمەتی خۆمان خەرجدەكرێتەوە یان نا، چونكە ئەگەر پارەی باج‌و رسومات لەپێناو هاوڵاتیان خەرجنەكرێتەوە دەبێتە سەرانە”.

ئاماژە بەوەشدەكات ئەگەر لەسەر تاسەری هەرێمی كوردستان 1 ملیۆن دوكانیش هەبێت، بۆ هەر تابلۆیەكیش لەساڵێكدا 1 ملیۆن دینار باج وەربگیرێت ئەوا كۆی گشتی پارەكە دەبێتە یەك ملیار دۆلار، بە‌پێویستیشی دەزانێت خەڵك بپرسێت پارەكان لەچیدا خەرج دەكەن.
 
ئاوێنه‌