دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، بازاڕەکانی بۆرسەی ئەو وڵاتە چەندین جار ژمارەی پێوانەییان لە بەرزبوونەوە تۆمارکردووە.
پلانەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی باجی سەر کۆمپانیاکان و هاندانە ئابوورییەکانی بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، هۆکاری سەرەکین ئەو هەستە ئەرێنییەن کە لە بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا درووستبووە.
گریگۆری ڤۆلۆکهاین، سەرۆکی کۆمپانیای دارایی میس چارت دەڵێت “دۆناڵد ترەمپ یارمەتی زۆری بازاڕەکانی بۆرسەی داوە لەڕێگەی سادەکردنی یاسا و رێساکان. ئەوەش بۆ ئابووری گرنگە، چونکە ژینگەیەکی رەخساندووە کە دۆستە لەگەڵ کاری بازرگانی. ئەو لەلایەکی دیکەشەوە یارمەتی زۆری بازاڕی داوە. ئەگەر چاو لەو کەسانە بکەیت کە لە دەوروبەری دەسوڕێنەوە، هەموو ئەو کەسانەن کە وۆڵ ستریت و لە بانکی گۆڵدمان ساکسەوە هاتوون. تۆ گاری کۆهن و منوچن دەبینیت کە وەزیری گەنجینەیە”.
لە ساڵی 2017ـدا و دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ پێنوێنی “ستاندارد ئەند پوورز”ی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا بە رێژەی لە 19.4% بەرزبووەتەوە. پێنوێنی پیشەسازی داوجۆنز بە رێژەی لە 25% گەشەیکردووە. پێنوێنی نەسداکیش بە رێژەی لە 28.3% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لە دوای ساڵی 2013ـەوە بازاڕی ئەمریکا بەو چەشنە بەهێزە جموجۆڵی تێنەوکەتووە.
پێشتر تەنیا لە کاتی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما و فرانکلین رۆزڤێڵت پێنوێنی ستاندارد ئەند پوورز، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو.
دوای پەسندکردنی پلانی کەمکردنەوەی باج لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، کۆمپانیاکان هیچ دوودڵییەکیان نەما بۆ بەرزکردنەوەی مووچەکان و راگەیاندنی هەلی کاری زیاتر.
ترەمپ شانازی بە دەستکەوتەکانی یەکەم ساڵی سەرۆکایەتییەکەی دەکات و بەردەوام رایدەگەیەنێت کە بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووری ئەمریکا و رەخسانی هەلی کاری زیاتر لەو وڵاتە.
سەرەڕای ئەو گەشە بێوێنەی بازاڕەکانی ئەمریکا هەندێ لە شارەزایان پێیانوایە، بەرزبوونەوەی بەهای پشکی کۆمپانیاکان تەنیا دەبێتە هۆکاری وەبەرهێنانی زیاتر لە پشکەکاندا و کەمتر دەبێتە هۆکاری رەخساندنی هەلی کار. بەڵام بەهەر پێوەرێک بێت، بەرزبوونەوەی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا، بە دەستکەوت بۆ ئیدارەی ترەمپ ئەژمار دەکرێت.