لە بازاڕەكانی کوردستاندا، بازاڕی برنج بەردەوام لە کێبڕکێدایە، بە چەندین ناو و مارکەی جیاواز و له وڵاتانی جیاجیا، برنج دەھێنرێتە کوردستان، ئەمەش جیاوازی لە نرخدا دروستکردووە و برنجی کوردیش ناتوانێت کێبڕکێی بکات.
محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی کارگەی ئاڵدان بۆ بەرھەمھێنانی برنجی ڕوسی وتی “ئێمە کارگەکەمان تایبەتە بە کڕەکردنی چەڵتوک، کە لە ڕوسیاوە هاورده‌ى ده‌كه‌ین، لێرە کڕەی دەکەین و پاشان دەیخەینە بازاڕەوە”.
وتیشی “مانگانە ٣٠٠ تۆن چەڵتوکی خڕ لەڕوسیاوە دەھێنین و ٤٠٠ تۆن برنجی درێژ دەھێنین و کڕەی دەکەین کە برنجە خڕەکە، ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ برنجی کوردی نیە”.
جگه له‌روسیا، برنج لە وڵاتانی ھندستان و ئەمریکا و ئۆرۆگوای و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەوە دەکرێت بۆ کوردستان هاورده ده‌كرێت، له‌ڕووى نرخه‌وه ركابه‌رى سه‌ره‌كى بەرھەمی برنجی کوردیه، كه نەیتوانیوە بازاڕ پڕ بکاته‌وه و کێبڕکێ بکات.
یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانى زۆر بوونى خواست له‌سه‌ر برنجى هاورده، به‌تایبه‌تى برنجى خڕ، هه‌رزانى و گونجاوى نرخه‌كه‌یه‌تى له‌گه‌ڵ ئاستى گوزه‌رانى خه‌ڵك، كه له‌ئێستادا به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و دواكه‌وتنى مووچه له دۆخێكى خراپدایه.
سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند “ھاوردەکردنی برنج بەردەوامە و ئەو برنجەی دێتە کوردستانەوە کوالێتییان بەرزە و بەشێوەیەکی تەندروست بەرھەمھێنراون، ئەوەی لەکوردستانیشدا بەرھەمدێت جۆرێكى زۆرباشه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه كه پێداویستى بازاڕ پڕ بكاته‌وه و نرخه‌كه‌شى گونجاو بێت له‌گه‌ڵ داهاتى خه‌ڵك”.
وتیشی “برنج لە وڵاتانی ھندستان، ڕوسیا، ئۆرۆگوای، کرواتیا، پۆڵه‌ندا، ئوستورالیا، ئەمریکا، تایلەند، ڤێتنام و چەند وڵاتێکی دیكه هاورده‌ى ده‌كه‌ین، به‌هۆى هه‌رزانى نرخه‌كه‌ى و گونجانى له‌گەڵ ئاستى گوزه‌رانى خه‌ڵك، خواستى زۆرى له‌سه‌ره”.
ئه‌گه‌رچى لەئێستادا ئامارێکی دروست سه‌باره‌ت هاورده‌ى برنج بۆ ناو هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 2017 لەبەردەستدا نییە، بەڵام لەساڵى ٢٠١٦ تەنیا لە سنورەکانی سلێمانیەوە ٦٠ ھەزار تۆن برنج هاورده كراوه.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕاگەیاند “لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا بازرگانی برنج بەشێوەیەکی به‌رچاو زیادیکردووە، چەندین کۆمپانیا هەردوو برنجی خڕ و درێژ ھاوردە دەکەن و ھەردووکیشیان خواستیان لەسەرە”.
ڕاشیگەیاند “ئەو ئامارەی لای ئێمەیە بە تەنیا لەساڵی ٢٠١٦ لە سنوری باشماخ و پەروێزخانەوە ٦٠ ھەزار تۆن برنج ھاتۆتە ناو شاری سلێمانیەوە، پێموایە ئەو ڕێژەیە بۆ ساڵی ٢٠١٧ زیاتر بووە، بەڵام تائێستا ئەو ئامارەمان بەدەست نەگەیشتووە”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژە بەوەشدەکات، برنجی کوردی تائێستا نەیتوانیوە خواستی بازاڕ پڕبکاتەوە، نرخەکەشی بەرزە، بۆیە برنجی ھاوردەکراو بەو شێوەیە مونافەسەی دەکات.
بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان چەندین جۆری بەرھەمی برنجی تێدایە، بەڵام برنجی کوردی خواستی زۆری لەسەرە، هەرزانیی نرخی برنجی ھاوردەش وایکردووە کێبڕکێی برنجی کوردی بکات، هەروەها برنجی کوردی بڕه‌كه‌ى به‌پێى پێویستى خواستى بازاڕ نییه.
داوارۆژ