بەگوێرەی رێككەوتنێكی سەرەتایی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی عیراق، داهاتی خاڵە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت بەسێ بەشەوەو بەشێكی دەدرێت بە حكومەتی فیدراڵی.
رۆژی دووشەممەی ڕابردوو وەفدێكی عیراق هاتنە هەرێمی كوردستانو ڕێككەوتنێكی سەرەتاییان ئیمزاكرد، بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانو تەسلیمكردنی دەروازە سنوورییەكان بە بەغدا.
لەوبارەیەوە سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراقی بە ئاژانسی راگەیاندوە: بەپێی ڕێككەوتنەكە سەرجەم دەسەڵاتی سیادی ناوەند لە خاكی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، لەبەرانبەردا مافی هاوڵاتیان لە ناردنی مووچەكانیان دابین دەكرێتو ئیدارەدانی دۆسیەكانی فڕۆكەخانەو دەروازە سنوورییەكان دەكەوێتە دەست حكومەتی ناوەندو كورد تەنها فەرمانبەری هونەری دەبێت.
وتیشی: داهاتی خاڵە سنوورییەكان بەپێی ڕێككەوتنەكە بەشێكی دەچێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانو بەشێكی تریشی بۆ ئەو پارێزگایانەی كە ئەو خاڵە سنووریانەی تێدایەو بەشێكیشی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی.
حەدیسی ئاماژەی بەوەشكردوە: حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لیژنەیەكی باڵا پێكدەهێنێت بۆ تاوتوێكردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێراوەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.