بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، کردنەوەی ئەژمارێکی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراق پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێ: “مادام پارەیەک تەرخانکراوە دیارە ئیرادەیەک لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە بۆ پێدانی مووچەی خەڵکی کوردستان”، بەڵام بەهۆی پرۆسەی وردبینییەوە لەو بڕوایەدایە “ئەو پرۆسەیە تۆزێک دوابکەوێت، چونکە بڕیارە لیژنەکانی چاودێری دارایی خۆیان بەشێوەیەکی مەیدانی بێنە کوردستان و وردبینی لە لیستەکاندا بکەن”.
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لەبارەی دەنگنەدان بە بە پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن کوردەوە رایگەیاند: “بودجەی عێراق بەنسبەت هەرێمی کوردستان خراپترین بودجە بووە تاوەکو ئێستا، چونکە لە نیوەی ساڵانی پێشتر کەمترە”.
فازڵ نەبی، دەڵێ: “دەستخۆشی لە پەرلەمانتارانی کورد دەکەم کە هەموویان بە یەک دەنگ بەرامبەری وەستاونەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەگەر بەتەنیا کوردەکان دژی بودجە بووەستنەوە، ئەوان دەتوانن بە زۆرینە بودجە بەڕێبکەن، سوننەکانیش رەنگە لەو پڕۆژەیاسایە ستەمیان لێکرابێت، چونکە پارەی تەواو بۆ ئاوەدانکردنی شارەکانیان تەرخان نەکراوە، هاوکات پەرلەمانتارانی بەسرەش تێبینییان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە هەیە، ئەگەر بێت و ئەوان لەگەڵ کورد یەکدەنگ بن، ئەوا ئەمڕۆش ناتوانن بودجە پەسند بکەن، بەڵام ئەگەر عەرەبی سوننە و شیعە یەکدەنگ بن و لایەنی کوردی بە تەنیا بمێنێتەوە، ئەوا بەداخەوە بەو دۆخە خراپەی هەیە بودجە پەسنددەکرێت، ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان کارەساتی بەدوادا دێت”.
سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا و ئەو بەرەوپێشچوونەی لە دانوستاندنەکاندا هەیە، بەبڕوای بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو بابەتە دوو لایەنی هەیە، “لایەنی یەکەم مەسەلەی تەرخانکردنی پارەیە، مەسەلەی دووەمیش وردبینی لیستەکانە، بەپێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ بەغدا هەمە و بەردەوام لە پەیوەندیدابوومە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵێ بە فەرمانی بەڕێز حەیدەر عەبادی، لە وەزارەتی دارایی بە بڕی 450 ملیار دینار پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، ئەو پارەیەش لە ئەژمارێکی تایبەت دانراوە لە بانکی ناوەندی”.
سەبارەت بە بڕی پارەکەش فازڵ نەبی، پێیوایە “450 ملیار دینار بەشی مووچەی یەک مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵام هەر هیچ نەبێت جارێ پارەی ئەو دوو وەزارەتەی کە وردبینی تێدا دەکرێت”.
سەبارەت بە لایەنی دووەمیش، فازڵ نەبی گوتی: “هەر بەپێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ بەغدا کردوومە، سەبارەت بە وردبینی لە لیستەکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان چووەتە بەغدا، ئەوان یەکەمجار دەستیان بە وردبینی لە لیستی وەزارەتی تەندروستی کردبوو، لە کۆبوونەوەی یەکەم لە بەغدا داوایانکردبوو، پێویست بەوە دەکات فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی بە گشتی نەنێرن، بەڵکو لەسەر ئاستی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، تەنانەت لەسەر ئاستی نەخۆشخانەکان و بنەکە تەندروستیتیەکانیش بۆ ئەوەی بتوانن وردبینی تێدا بکەن”.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق گوتیشی: “بەپێی پێشبینی من و ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ بەغدا هەمە، بەداخەوە ئەو پرۆسەیە تۆزێک دوادەکەوێت، چونکە بڕیارە لیژنەکانی چاودێری دارایی خۆیان بەشێوەیەکی مەیدانی بێنە کوردستان و وردبینی لە لیستەکاندا بکەن، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام ئاماژە باشەکە ئەوەیە، مادام پارەیەک تەرخانکراوە دیارە ئیرادەیەک لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە بۆ پێدانی مووچەی خەڵکی کوردستان”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 17-1-2017 لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دانانی پارە لە ئەژمارێکی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەخۆرانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “بەشێوەیەکی فەرمی لەبارەی کردنەوەی ئەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کوردستان لە بەغدا ئاگادارنەکراوینەتەوە”.
لەبارەی گفتوگۆکانیش گوتی: “دەستپێکی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا باشن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور، ئەمڕۆش کۆبوونەوەی دیکە لەبارەی مووچەی پەروەردە و تەندروستی لە بەغدا هەیە”.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە لیژنەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی ناردنی مووجەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی چووە بەغدا و لەگەڵ لیژنەکەی حکومەتی عێراق کۆبووەوە. دواتر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: “تیمەکانی چاودێری دارایی عێراقی فیدراڵ کە پێکدێت لە 16 ووردبین، بەسەر چوار تیم دابەشدەکرێن و بەمەبەستی دەستکردن بە پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەخۆران، هەفتەی داهاتوو سەردانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەکەن”.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لیژنەکە رەزامەندی دەڕبڕیوە لەسەر بەرزکردنەوەی پێشنیازی نوێنەرانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پێدانی مووچەیەکی تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی کاری لیژنەی وردبینی بۆ عەلی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاقی فیدراڵ.
رووداو