بەمەبەستی جیاكردنەوەی تاكسی پارێزگاكانی هەرێم و تێكەڵنەبوونیان لەگەڵ هێڵەكانی گواستنەوەی دەرەوە، پڕۆژی لۆگۆی تاكسی “لە تەواو بووندایە”.
كاكەزیاد حەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوەی هەرێم بە خەندان-ی راگەیاند، “بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژەیە لەوەوە سەرچاوەی گرت، كاتێك كێشە لە بوونی هێڵەكانی گواستنەوەی نێوان شارەكان دروستدەبوو لە كاتی سەفەركردنی هاوڵاتیان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “تاكسی هەیە تەنها لە ناوخۆی شارەكان كار دەكات، بەڵام هەر كاتێك بۆی هەڵبكەوتایە هاوڵاتی دەگواستەوە بۆ شارەكان، چونكە هەمان رەنگ و هەمان لۆگۆی تەكسی پێوەیە، لە كاتێكدا شوفێرانی هێڵەكانی دەرەوە بە فەرمی مۆڵەت و ژمارەی هێڵەكانیان هەیە”.
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوەی هەرێم وتیشی، “بۆ ئەوەی ئەو كێشانە نەهێڵین لە ساڵی رابردووەوە خەریكی ئەنجامدانی پڕۆژەیەكین و چەندین كۆبوونەوەی لە سەر كراوە، لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە تەكسیەكان جیادەكرێنەوە لە یەكتر، بە نمونە تەكسی ناوشار لۆگۆ و شریتی تایبەت بەخۆی دەبێت، ئەوانەشی لە هێڵەكانی نێوان شار و قەزا و ناحیەكان كاردەكەن، بە هەمانشێوە لۆگۆ و شریتی تایبەت بە خۆیان هەبێت بە جیاوازییەكی كەمەوە تا بناسرێنەوە و رێگری لەو حاڵەتانە بكەین و تا كەس ماف خوراو نەبێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە ئێستادا پڕۆژەكە لە قۆناغی كۆتایدایە، تەنها ئەوە ماوە بڕیار لە سەر قەبارە و شێوە و نوسینی سەر لۆگۆ و شریتی تەكسیەكان بدرێت”.