بانكی ناوەندی عیراق هەڕەشە لەو بانكە ئەهلییانە دەكات كە هیچ وەبەرهێنانێكیان نییەو تەنها كاری گۆڕینەوەو ئاڵوگۆڕی دراو دەكەن.
بەپێی راگەیەنراوێكی بانكی ناوەندی عیراق، ماوەیەكی زۆرە لیژنە تایبەتەكانی بانكی ناوەندی چاودێری وردی كاری بانكە ئەهلییەكان دەكەنو بۆیان دەركەوتووە كە ژمارەیەكی زۆر لەو بانكانە بەهیچ شێوەیەك لەبواری وەبەرهێناندا كار ناكەنو تەنها رۆژانە پارەیەكی زۆر لەبانكی ناوەندی وەردەگرنو لەبازاڕەكان دەیفرۆشنەوە.
بانكی ناوەندی راشیگەیاندووە، بەنووسراوی رەسمی سەرجەم ئەو بانكە ئەهلییانە ئاگادار دەكەنەوە، ئەگەر لەسەر كاری ئێستایان كە تەنها ئاڵوگۆڕی دراوە بەردەوامبن، رێوشوێنی یاساییان لەبەرامبەر دەگرنەبەر، كە رەنگە بگاتە ئاستی سزادانو غەرامەكردنو دەركردنیان لەمامەڵەكانی تایبەت بە فرۆشتنی دۆلاری ئەمریكی، كە رۆژانە بانكی ناوەندی عیراق ئەنجامی دەدات.