سەرپەرشتیاری مەرزی سەیرانبەن رایدەگەیەنێت، بەمنزیكانە لیژنەیەكی پەیوەندیدار بەكاروباری دەروازە سنوورییەكانی عیراق، سەردانی هەردوو مەرزی سەیرانبەنو كێلی دەكەنو لەشێوازی بەڕێوەچوونی هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنیان دەكۆڵنەوە.
رائید دلێر فەرەج میرزا سەرپەرشتیاری مەرزی سەیرانبەن بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەساڵی 2017دا چەندینجار سەردانی بەغدامان كردووە، بۆ تاوتوێكردنی كاروبارەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی هەردوو مەرزی سەیرانبەنو كێلێ، بەڵام بەهۆی ریفراندۆمەوە ماوەیەك كارەكانیان وەستا، لەئێستاشدا لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە لیژنەیەك دروستكراوە بۆ ئەوەی پێشوازی لە لیژنەیەكی بەغدا بكەین كە تایبەتن بەكاروباری دەروازە رەسمییەكانی عیراق، كە بەفەرمانی حەیدەر عەبادی دروستكراوەو بڕیارە لەئایندەیەكی نزیكدا سەردانی هەرێمی كوردستانو هەردوو مەرزەكە بكەن.