له‌سلێمانی گه‌ره‌كێكی كۆن نۆژەن ده‌كرێته‌وه‌

لەو پڕۆژەیەدا كە سەرەتا لە گەڕەكێكی كۆنی ناوەندی شاری سلێمانی لە پشت مزگەوتی گەورەی شارەكەوە دەستی پێكردووە، بینا و دیوارەكانی ئەو گەڕەكە لەسەر شێوازێكی نوێ‌ و بە نەخشاندنی چەندین وێنە و رەنگی جیاجیا نەخشێنراون.

زاهیری كەریمە رەش سەرمایەدار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەیە و تائێستا سپۆنسەری دەیان پڕۆژەی خێرخوازی و هونەری كردووە، ئەو لە بارەی پڕۆژەكەوە وتی: “ماوەیەكی زۆرە خوازیاری ئەوە بوم لەسەر رووبەرێكی شاری سلێمانی كارێك بكەمەوە، ئێستا توانیم شوێنێك بخەمە سەر یەك لە گەڕەكێكی كۆنی شاری سلێمانی”. 

ئەو وتی: “بیرۆكەی پڕۆژەكە ئەوەیە گەڕەكێكی كۆنی كەلەپووری و ئاسەواریمان هەبێت، لەم شوێنەدا هەم كولتووری بیناسازی كوردی شاری سلێمانی بە شێوازە كۆنەكەی لەبەرچاوی خەڵك هەبێت، هەروەها دروستبونی گوزەرێك بێت بە كەرەستە رەسەنە كۆنەكان لە خشت و بەرد و شوشەی عەرەسی كە لە كۆندا بەكارهاتووە، تا جیلی نوێ‌ بەو شێوازە كۆنە ئاشنا ببن”. 

خاوەنی پڕۆژەكە ئامانجییەتی ئەو گەڕەكانەی بەو شێوازە نوێیە نۆژەن دەكرێنەوە بكرێتە پێشانگایەكی هەمیشەیی بۆ نمایش كردنی وێنەی كەسایەتی و شاعیر و هونەرمەندە ناودارەكانی شارەكە كە لەسەر ماڵ و دوكان و دیوارەكانی گەڕەكە نەخشێنراون.