راوێژکارێکی عەبادی رایدەگەیەنێت: ئەگەر نرخی نەوت بەرزتر ببێتەوە، یان لەم نرخەی ئێستای دانەبەزێت، حکومەتی عێراق دەتوانێت کورتھێنانی بودجە لە “٢٠١٤”ەوە تائێستا قەرەبوو بکاتەوە.
“مەزھەر محەمەد ساڵح” راوێژکاری “حەیدەر عەبادی” سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراق بەھۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوتەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و داھاتێکی زۆری لەدەستداوە، کە بووەتە ھۆی کورتھێنانێکی زۆر لەبودجەی گشتیی عێراقدا.
وتیشی: لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە “٧٠” دۆلار کە ئەمەش نرخێکی گونجاوە و ئەگەر ئەو نرخەش بەرزتر ببێتەوە یان لەو ئاستەی ئێستای دانەبەزێت، حکومەتی عێراق دەتوانێت کورتھێنانی بودجە لە “٢٠١٤”ەوە تا ئێستا قەرەبوو بکاتەوە.