وتەبێژی حكومەتی عیراق چۆنێتی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم روندەكاتەوە

سەعد حەدیسی وتەبێژی فەرمی حكومەتی عیراق جەختدەكاتەوە، دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ سیاسییە باڵاكانی نێوان حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمكاتەدا هیچ ئاماژەیەكی تێدا نییە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان، بەڵام كاری ئەو لیژنە هونەریە هاوبەشانە ئەگەر هەوڵی سەركەوتنیان بدەن رەنگە ببێتە دروستكردنی كەشوهەوایەكی گونجاو و لەبار بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەسەرئاستی باڵای سیاسی.

سەعد حەدیسی لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا وتویەتی “ئەو شاندەی هاتبونە بەغدا و چاویان بە د.حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كەوت، شاندێكی حزبی بوو، لە كۆبونەوەكەدا باس لەچەند تەوەرێك كرا لەوانە پرۆسەی وردبینیكردنی ناوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، تا لەزوترین كاتدا فەرمانبەران لە هەرێم مافی خۆیان كە موچەكانیانە پێیانبگات، بۆ ئەمەش پێویستی بەكاری هاوبەشی هەردوولایە لەسەرئاستی لیژنە هونەرییەكانی نێوان حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم تا لەزوترین كاتدا ئەو پرۆسەیە تەواو بێت”.

سەبارەت بەكاتی دەسپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداش لەسەرئاستی باڵای سیاسی و حكومی، وتەبێژی حكومەتی عیراق وتی “وای دەبینین ئەو كارانەی نێوان تیم و لیژنە هونەریە تایبەتیەكان كارێكە بەشێوەی خشتە و ریزبەندی، واتا ئەگەر ئەو دۆسێیانە لەسەرئاستی هونەری و كاری هاوبەشی لیژنەكان یەكلاییكرانەوە ئەوا دەبێتەهۆی گۆڕانی كەشوهەوای پەیوەندییەكانی حكومەتی ناوەندی و هەرێم، لە قۆناغی دواتردا بۆ قسەكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ سیاسییەكان”.