بانكی ناوەندی عیراق رایدەگەیەنێت، بڕی 500 ملیار دیناریان بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێكردن تەرخان كردووەو تەئكیشد دەكاتەوە، كە لەپێدانی قەرزی پڕۆژەكانیش بەردەوام دەبن.
ئەیسەر جەبار بەرێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی بانكی ناوەندی عیراق لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردووە، لەچوارچێوەی سیاسەتی برەودان بەئابووری وڵاتو كەمكردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوونو بێكاری، بانكەكەیان لەماوەی ساڵانی 2016و 2017دا بڕی ترلیۆنێكو 400 ملیار دینار قەرزی خانووبەرەی داوەتە هاوڵاتیان، ئەوەش گەورەترین قەرزە لەمێژووی عیراقدا كە بۆ دروستكردنی خانووبەر تەرخان كراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بانكی ناوەندی عیراق لەسەر ئەو سیاسەتەی خۆی بەردەوام دەبێتو بۆ ساڵی 2018ش بڕی 500 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێكردن تەرخان كردووەو ئاسانكاریشیان لەسیستمی وەرگرتنی قەرزكانیاندا كردووە، تاوەكو بارگرانی لەسەر ئەو كەسە درووست نەبێت كە قەرز وەردەگرێت .