لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتی فڕۆكەخانەكانی هه‌رێم، ڕونكردنەوە دەدرێت


سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شتی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم له‌ ڕۆژی 25ی ئەم مانگە، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات. 

تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند: جگە لەڕاگەیەنراوەكەی دوێنێی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هەرێم، سەبارەت بەكۆبونەوەكەی نێوان وەفدی هەرێم و ئەو وەزارەتە، هیچ زانیارییەكی زیاترمان نییەو تەواوی زانیارییەكان لەو ڕاگەیەنراوانەدا هەن.

تاهیر عەبدوڵڵا ، كه‌ هاوكات ئەندامی وەفدی هەرێم بوو بۆ به‌غدا وتیشی: تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دیارینەكراوە، بۆیە ئەوەی دەوترێت ڕۆژی 25ی ئەم مانگە گەشتەكان دەكرێتەوە، تەنها پڕوپاگەندەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ده‌ڵێت: حكومەتی عیراقیش دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ماوەی راگرتنی ئەو گەشتانە درێژبكاتەوە كە رۆژی 28ی شوباتی 2018 كۆتایی دێت.

سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێش، ناوبراو بۆ میدیایه‌كی نزیك له‌ یه‌كێتی ڕونیكردەوە، كۆبونەوەكەی سبەینێی نێوان هەردوو وەفدی هەرێم و عیراق، تەواوكاری كۆبونەوەكەی دوێنێ دەبێت.