ئاسایشی ئاو له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان و لێكه‌وته‌كانی

پێشەکی
بەپێی تازەترین توێژینەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ٤٠٪ی دانیشتوانی جیهان لە ئێستادا بەدەست کێشەی کەمئاویەوە دەناڵێنن و پێشبینی دەکرێت کە تا دە بۆ پازدە ساڵی تر دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان ڕووبەڕوی کێشەی ترسناکی کەمئاوی یان نەبوونی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی ببنەوە. بەشێکی زۆری ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو بازنەی ئەو ووڵاتانەن کە دەناڵێنن بەدەست قەیرانی کەمئاوی ترسناکەوە لە داهاتوودا (1).
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی ووشکی خاکەکەیەوە بە گەورەترین ناوچه‌ دادەنرێت لەسەر ڕووی زەوی. لەگەڵ ئەوەشدا تادێت کێشەی دابەشکردنی ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات و لقیەکانیان لەم ناوچەیەدا قووڵتر دەبێت و زیاتر پەرەدەستێنێت، کە لەوانەیە سەربکیشێت بۆ ململانێ و پێکدادانی سەربازی لە داهاتوودا، ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم کێشەیە نەدۆزرێتەوە. دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەنداو و وێستگەی هایدرۆلیکی لەلایەن تورکیاوە لەسەر هەردوو ڕووبارەکە کاریگەری ڕاستەخۆی بۆسەرئاسایشی سوریا و عێراق دەبێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەگەر ووڵاتانی ناوچەکە هاوکار نەبن لە ڕووبەڕوبونەوەی ئەم كێشەیە بەیەکەوە.ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی ئەم کێشەیە کە لە داهاتوودا ڕووبەڕوی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێتەوە و پێشنیار و ڕێگاچارەی گونجاو لەخۆدەگرێت بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئاو لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

گرینگی ڕووباری دیجلە و فوڕات
ڕووباری فوڕات بەگشت لقەکانیەوە حەوزێکی گەورەی دروست کردووە کە 444،000 کیلۆمەتری چوارگۆشە داگیردەکات. لەم ڕووبەرە گەورەیەدا بەنزیکەیی نیوەی دەکەوێتە خاکی عێراقەوە کە دەکاتە ٤٦٪ و ڕێژەی ٣٣٪ لەناو خاکی تورکیایە وئەوەش کە دەمێنێتەوە کە دەکاتە 19٪ دەکەوێتە خاکی سوریا. بەهەمان شێوەش ڕووباری دیجلە لەگەڵ هەموو لقەکانیەوە ڕووبەری ٣٨٧،٦٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەی ئاودار کردووە، بەجۆرێک کە سێیەکی حەوزی ڕووبارەکە واتا 75٪ دەکەوێتە خاکی عێراقەوە و ڕێژەی ١٥٪ دەکەوێتە تورکیا، و ڕێژەی ٠.٣ دەکەوێتە سوریا (2).لەم ژمارانەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەشی هەرە زۆری ئاوی هەردوو ڕووبارەکە و حەوزی نێوان دوو ڕووبارەکە دەکەوێتە خاکی عێراقەوە. نزیکەی نیوەی ڕووبەری ئاوی ڕووباری دیجلە و سێیەکی ڕووبەری ئاوی ڕووباری فوڕات لە ناو خاکی عێراقدایە، بەڵام هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پاراستنی ئەم سەرچاوە سروستیانە زۆر کاریگەر نین و لاوازن. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جگە لە دروستکردنی چەند بەنداوێکی بچووک هیچ هەوڵیکی ئەوتۆی نەداوە بۆ پاراستنی ئاوی لقەکانی ڕووباری دیجلە کە دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە و بەکارهێنانیان بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەی کاریگەر بۆ ووزە. لەبەرئەوە پێویستە لەسەر حکومەتی عیراقی بە هەرێمی کوردستانشەوە گرنگی زیاتر بەم دوو سەرچاوە دەگمەنانە بدەن و پلانی کورتخایەن و درێژخایەنیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی دروستی ئاوی ئەم ڕووبارانە. هەرچەندە هەردوو ڕووبارەکە لەناو خاکی تورکیاوە هەڵدەقوڵن، بەڵام بەدرێژایی مێژوو عێراق سوودمەندی یەکەم بووە لە ئاوی هەردوو ڕووبارەکە و حەوزی نێوان ئەم دوو ڕووبارە ناوەندی شارستانیە کۆن و مێژووییەکانی ناوچەکە و جیهان بووە (3).
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا باروودۆخی کشتوکاڵی عێراق لە ئاستێکی زۆر بەرز دابوو. عێراق توانیبووی کە ڕووبەرێکی بەرفراوان لە خاکەکەی واتا ٣.٢-٣.٧ ملیۆن هێکتار زەوی بۆ مەبەستی کشتوکاڵ بەکاربهێنێت و سێیەکی ئەم ڕووبەرە فراوانەش بەهۆی ئاودێریەوە کشتوکاڵی لەبەر دەکرا (4). لەو سەردەمەدا ئاوی دیجلە و فوڕات بەبێ هیچ ڕێگریەکی گەورە لەڕێگای سووریا و تورکیاوە دڕژانە خاکی عێراق و ئەو بەنداو پڕۆژە گەورانەش کە ئێستا لە تورکیا هەن ئەوکات لەسەر ئەم دوو ڕووبارە بوونیان نەبوو. سەرچاوە ئاویەکانی عێراق لەو سەردەمەد ا ئەوەندە زۆر بوون کە دەتوانرا دوو ئەوەندەی ئەو ڕووبەرە خاكی کشتوکاڵێ پێئاوبدرێت. ئەمە بۆمان ڕووندەکاتەوە کە ڕووباری دیجلە و فوڕات بە هەموو لقەکانیەوە کۆڵەکەی سەرەکین بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئابوری عێراق بەگشتی و کەمبوونی ئاوی ئەم ڕووبارانە و دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەی گەورە لەسەریان لەلایەن ووڵاتانی دراوسێوە مەترسی گەورە بۆ کەرتی کشتوکاڵی و ژینگە و ژیانی هاووڵاتیانی ئەم ووڵاتە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

پێویستی ووڵاتانی ناوچەکە بۆ ئاو
داواکاری بۆ دابینکردنی ئاو ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لەزیادبوون دەکات لە ووڵاتە تازە گەشەسەندووەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی تر. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە. بەپێی تازەترین داتاکان ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە حەوت ملیار و نیو تێپەڕیکردووە. بەپێی پێشبینیەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێدەچێت دانیشتوانی جیهان لە نۆ ملیار و نیو تێپەڕبکات تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە. ڕێکخراوەکە پێیوایە کە دانیشتوانی جیهان لە یازدە ملیار تێپەڕدەکات تا کۆتایی ئەم سەدەیە بەپێی نزیکترین سیناریۆ (5).
لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەی دانیشتوان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و بە تێکڕایی ساڵانە بە ڕێژەی ٪3 زیاد دەکات. ئەم زیادبوونە خێرایە لە ژمارەی دانیشتوان تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ئاستی بەرهەمهێنانی خۆراک لە نێوان ووڵاتانی ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی پێداویستی ناوخۆیی و پێشبڕکێی نادروستی ووڵاتانی ناوچەکە بۆ بەکارهێنانی ئاو بۆ مەبەستی ئاودێری و پیشەسازی، سەرچاوە ئاویەکان بەردەوام ڕوو لە کەمی دەکەن لەم ناوچەیەدا.بۆ نمونە ئیران لەم ساڵانەی دوایدا چەند بەنداوێكی لەسەر لەسەر لقەکانی ئه‌و ڕووبارانه‌ دروستکردووە كه‌ ده‌ڕژینه‌ دیجلەوه‌  له‌رێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە. دروستکردنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووبارەکانی ئەڵوەند و سیروان و زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستان بەتەواوی دەخاتە مەترسیەوە لەچەند ساڵی داهاتوودا.تورکیا و سوریا چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵی گەورەیان جێبەچێ کردووە لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆراک لە ووڵاتەکانیان دا. یەکێکی تر لە هۆکارە هە رە گرنگەکان کە کاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لەسەر کەمبوونی سەرچاوە ئاویەکانی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بریتیە لە لاوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاویەکان و بەسیاسیکردنی سیستەمی کشتوکاڵی کە هاندەرە بۆ بەفیڕۆدانی ئاو و برەودان بە سیستەمی ئاودێری نادروست(6)
پێداویستی ووڵاتانی ناوچەکە بۆ ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات زۆر جار کێشە و گرژی لەنێوان ووڵاتانی ناوچەکە دروستکردووە. لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکان کاتێک سوریا ئاوی ڕووباری فوڕاتی گرتەوە بۆ پڕکردنی بەنداوی تەبقە و لەهەمان کاتیشدا تورکیا خەرێکی پڕۆژەی کێبان بوو، ئاوی ڕووباری فوڕات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد لە نێوان ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥. حکومەتی عێراقی لە سەردەمەدا حکومەتی سوری تۆمەتبار کرد کە نا‌هێڵێت ئاوی ڕووبارەکە وەک پێوست بڕژێتە عێڕاقەوە و ئەوان هۆکارن لە کەمبوونەوەی ئاوەکە. حکومەتی عێراقی هەڕەشەی توندی لە حکومەتی سوری کرد ئەگەر ئاوی ڕووبارەکە بەرنەداتەوە. ئەگەر شانشینی عەرەبی سعودی نێوەندگیری نەکردبا و سوریاش ئاوی زیادەی بەرنەدابایەوە بۆ عێراق، لەوانەبوو پێکدادانی سەربازی لەنێوان هەردوولا ڕویبدابایە. بەهەمان شێوە کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠ تورکیا بەنداوی ئەتاتوکی تەواوکرد، بەردانەوەی ئاوی ڕووباری فوڕات بۆ هەردوو ووڵاتی عێراق و سوریا زۆر کەمیکرد. لەبەرئەوە هەردوو ووڵات سکاڵای فەرمیان لەسەر حکومەتی تورکیا تۆمارکرد و داوایانکرد کە ڕێککەوتن بکرێت بەمەبەستی دابەشکردنی ئاوی ڕووبارەکە و کەمکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە تورکیا دیاریکردبوو بۆ پڕکردنی ئاوی بەنداوەکە (٧).

گەورەیی قەباری قەیرانەکە و لاوازی هاریکاری ووڵاتانی ناوچەکە
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە تێکەڵەیەکە لە چەندین نەتەوە و گروپی ئاینی و مەزهەبی جیاواز بەهۆی چەندین گرفتی سیاسی و ئابوریەوە دەناڵێنێت بەتایبەتی سنوری نێوان تورکیا و ئیران و سوریا و عێراق. ئەم ووڵاتانە ململانێ و بەریەککەوتنی زۆریان هەیە لەسەر خاک و ئاوی ناوچەکە، بەڵام گرژی و ئاڵوزیەکان لەسەر دابەشکردنی ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو. بەتایبەت دوای دەستپێکردنی پڕۆژەی باشوری ئەناتۆڵیای گەورە کە بە پڕۆژەی (GAP) ناسراوە. لایەنی تورکی بانگەشەی ئەوە دەکات کە پاڵنەرە سەرەکیەکانی ئەم پڕۆژەیە لە بواری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی ووزە دا خۆیدەبینێتەوە(8). پڕۆژەی (GAP) پێکدێت لە ٢٢ بەنداوی گەورە و ١٩ وێستگەی هایدلۆلیکی و ٢ تونێلی ئاودێری لەگەڵ ١٣ پڕۆژەی لاوەکی. حکومەتی تورکیا پێشبینی ئەوە دەکات لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە دۆخی ئابووری تورکیا و باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بەتایبەت گەشەی بەرچاو بەخۆەببینێت.هەرچەندە هەردوو ووڵات لەسەرەتاوە بەرهەڵستی خۆیان بۆ پڕۆژەکە ڕاگەیاند، بەڵام لەبەر گەورەیی و گرنگی پڕۆژەکە، توکیا بەبێ گوێدانە نیگەرانیەکانی ووڵاتانی دراوسێ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە پلانی بۆ دانا و دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرد کە تا ئێستاش کارکردن تێیدا بەردەوامە.
لەگەڵ ئەوەشدا کەتورکیا بەڵێنی ئەوەی بە عێراق و سوریا داوە کە ئاوی پێوست بۆ ئەو دوو ووڵاتە بەردەداتەوە (9)، بەڵام لە ڕاستیدا پڕۆژەی (GAP) مەترسی گەورە بۆ هەردوو ووڵاتی سوریا و عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە دروست دەکات. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە لە چەند ساڵی داهاتوودا ڕووباری فوڕات بەتەواوی ووشک بکات و زیانی ترسناکی ژینگەیی و ئابوری و مرۆیی گەورە ڕووبەڕووی عێراق ببێتەوە.
زۆنگاو و هۆڕەکانی عێراق کە لە خوارووی بەغدادی پایتەختەوە دەستپێدەکەن و تا نزیک کەنداوی فارسی لە خوارووی عێراق درێژە دەکێشن، بەدرێژایی مێژوو بە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری و مرۆیی و ژینگەیی لە عێراق دا هەژمار کراون. ئەم زۆنگاوانە بەهۆی زۆری ئاوی دیجلە و فوڕاتەوە بەدرێژای هەزاران ساڵ لە عێراقدا بوونیان هەبووە. ڕووبەری کۆبونەوەی ئاو لەم زۆنگاواندا یان ئەو ڕووبەرەی کە ئەم زۆنگاوانە داگیریان کردووە لەنێوان ١٤،٠٠٠ بۆ ١٦،٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دابووە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا. ئەم ڕووبەرە زۆرە بەشێوەیەکی ترسناک کەمبۆتەوە بۆ ٢،٢٩١ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە ساڵی ٢٠٠٠. واتا تەنیا ١٦٪ ی ڕووبەری ئەم زۆنگاوانە لە لەناوچوون ڕزگاریان بووە و ئەمانەی کە ماویشن لەبەردەم مەترسی گەورەی لەناوچووندان (10).
هەرچەندە حکومەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەپڕۆژەی (GAP) دامەبەستی بەرهەمهێنانی ووزە و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵە لە تورکیادا، بەڵام گومان لەوەدانیە کە پرۆژەکە ئامانجی سیاسی گەورەی لەپشتە. تورکیا دەتوانێت لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئاویەکانەوە دەسەڵات و پێگەی خۆی بەسەر ووڵاتانی ناوچەکەدا زاڵبکات و دەتوانێت هەرکاتێک بیەوێت ئاوی دیجلە و فوڕات بگرێتەوە و تاڕاددەیەکی باش سوریا و عێراق لەژێر کۆنتڕۆلی خۆیدا بهێڵێتەوە. هەروەک چۆن تورکیا چەند جارێک ئاوی ڕووباری فوڕاتی گرتۆتەوە بەمەبەستی ئەوەی وا لە سوریا بکات کە پشت لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات و لەخاکی سوریا دەریانبکات لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەهەمان شێوەش دەتوانێت ڕووباری فوڕات دژی سوریا و هەرێمی ڕووژئاواش بەکاربهێنێت لە داهاتوودا. هەروەها تورکیا دەتوانێت بەگرتنەوەی ئاوی دیجلە قەیرانی ئاو لە عێراق و هەرێمی کوردستانێش دروست بکات و دەتوانێت وا عێراق بکات کە لەژێر کۆنتڕۆلی خۆیدا بێت دژی هەرێم یان بە پێچەوانەوە هەرێم دژی عێراق بەکاربهێنێت.

لەسەرچاوەی قەیرانەوە بۆ سەرەتایەک لە پەیوەندیەکی دروست
هەموو ئەو ووڵاتانەی کە بەشدارن لە حەوزی ڕووباری دیجلە و فوڕات خاوەنی کلتور و مێژوویەکی هاوبەشن هەرچەندە لەڕووی نەتەوەییەوە جیاوازن. زۆرینەی دانیشتوانی عێراق و تورکیا و سوریا موسڵمانن و هەموویان بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی پێش ئەوەی بیست سەربەخۆببن. حەوزی ڕووباری فوڕات و بەشێکی گەورەش لە حەوزی ڕووباری دیجلە لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەمەوە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دا بووە. ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی حەوزی ڕووباری دیجلەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردبوو، بەڵام هەرگیز بچوکترین کێشە و گرژی لەنێوان ئەم دوو ئمپڕاتۆرەدا ڕوینەداوە لەسەر ئاوی ڕووبارەکە. لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و سەربەخۆبوونی عێراق و سوریا و سەرهەڵدانی کۆماری تورکیا بەم شێوەیەی ئێستا، گفتووگۆ لەسەر دابەشکردنی ئەم ئاوی ئەم دوو ڕووبارە لە نێوان ئەم ووڵاتانە دەستیپێکردووە.
بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٢ تورکیا و عێراق کۆمیتەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری لەسەر ئاوی هەردوو ڕووبارەکە و لەساڵی ١٩٨٣ سوریاش هاتە ناو ئەم کۆمیتەیە(11). هەرچەندە ئەم کۆمیتەیە تاکو ساڵی ١٩٩٢ شازدە جار کۆبوونەوەی کردووە، بەڵام دروستکردنی بەنداوی ئەتاتورک لەلایەن تورکیاوە لیدانێکی بەهێز بوو لە هەوڵە بەردوامەکانی کۆمیتەکە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە و پتەوکردنی پەیوەندی هارکاریانەی ئەو ووڵاتانە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوانیان. لەبەر نەبوونی میکانیزمێکی هاوبەش یان نەبوونی ڕێککەوتننامەیەکی فەرمی لەنێوان ئەم ووڵاتانەدا هیچ گرەنتیەکی نیە بۆئەوەی کە عێراق و سوریا بەردەوام ئاوی پێویستیان بۆبەربدرێتەوە لە داهاتوودا(12). لەبەرئەوە لەسەر دەوڵەتی عێراق و سوریا پێویستە کە تورکیا بانگهێشت بکەن بۆ مێزی گفتووگۆ و دانوستان چونکە تورکیا لەڕووی سەربازیەوە یەکێکە لە دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچەکە ئەگەر بەهێزترینیان نەبێت و ناکرێت بەزمانی هەڕەشە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت وەک ئەوەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەیکرد لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا. هەرچەندە بارودۆخی سوریا ئەوەندە باش نیە کە لە ئێستادا بتوانێت ئەم کێشەیە لەگەڵ تورکیادا باسبکات، بەڵام حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن پەیوەندیە ئابوریەکانی نێوانیان بەکاربهێنن و تورکیا ڕازیبکەن کە دانیشتنیان لەگەڵ بکات لەوبارەیەوە چونکە تێپەڕبوونی کات لەبەرژەوەندی عێراق و هەرێـمی کوردستاندا نیە. هەروەها سەرکردە عێراقی و کوردەکان پێویستە ئەوە باش بزانن کە تورکیا ئەندام نیە لەزۆربەی ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیە گرنگانەی کە دەربارەی دابەشکردنی ئاوی ڕووبارە نێودەوڵیتیەکان ئیمزا کراون. لەبەرئەوە ناچارکردنی تورکیا لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بەوەی کە ئاوی پێویست بەربداتەوە بۆ عێراق و هەریمی کوردستان، چارەسەرێکی تاڕاددەیەکی زۆر لاوازە. لەبەرئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە هەموو ئەوانەی خاوەنی بڕیارن لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەموو کەناڵەکانی پەیوەندی خۆیان بەکاربهێنن و دەستبکەن بە پڕۆسەی دانوستان لەگەل تورکیا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەمەلایەنە کە گرەنتی دابەشکردنێكی دادپەروەرانەی ئاوی ئەم دوو ڕووبارە و لقەکانیان بکات. مەبەست لە دابەشکردنێكی دادپەروەرانە ئەوە نیە کە ئاوی ئەم ڕووبارانە بە یەکسانی دابەشبکرێت بەڵکو پێوستە لەم دابەشکردنەدا چەندین فاکتەری وەکو دانیشتوان و جوگرافیا و هەبوونی سەرچاوەی ئاوی تر لەم ووڵاتانە لەبەرچاو بگیرێت.

ئەنجام
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای ئەوەی کە ئاوێكی زۆر بەفیڕۆ دەدرێت، سەرچاوە سرۆشتییەکان کەمن و ئاوی ژێر زەویش بەشی ئەم هەموو داواکاریە زۆرەی ئاو ناکات لەم ناوچە ووشکەدا. لەگەڵ گەورەیی و سامناکی کێشەکە، ووڵاتانی ناوچەکەکە میکانیزمێکی دروستیان نیە بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیەکان یان ئەگەر هەشبێت زۆر لاوازە. لێرەوە گرنگی زۆری ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات و لقەکانیان دەردەکەوێت وەکو سەرچاوەی گرنگی ئاوی سروشتی بۆ هەریەکە لە تورکیا و سوریا و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. گرنگی ئەم سەرچاوانە لەبواری کشتوکاڵ و ئاودێری و بەرهەمهێنانی ووزە وایکردووە کە ووڵاتانی ناوچەکە لە پێشبڕکێیەکی نادروست دابن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی ئەم ڕووبارانە. دروستکردنی چەندین بەنداو و پڕۆژەی گرنگ لەلایەن تورکیاوە لەسەر ئاوی ئەم ڕووبارانە کێشە و مەترسی گەورە بۆ سوریا و عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکات. هەرچەندە چەندین جار گرژی و ئاڵۆزی کەوتۆتە نێوان ووڵاتانی ناوچەکە لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان، بەڵام ئەگەر ئەم كێشەیە چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا ئەگەری پێکدادانی سەربازی لێدەکرێت. لەبەرئەوە پێویستە لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دانیشتن و گفتووگۆی جددی دەستپێبکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئاوی ئەم ڕووبارانە لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەن. هەروەها بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لێپرسراویەتی گەورەیان لەسەرشانە و پێوستە پڕۆژە و بەنداوی گەورەی زیاتر دروست بکەن و میکانیزمی گونجاو بگرنەبەر بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوە سروشتیە دەگمەنانە بەشێوەیەکی دروست.

سەرچاوەکان
1.Connor, R., Renata, A., Ortigara, C., Koncagül, E., Uhlenbrook, S., Lamizana-Diallo, B. M., … & Hendry, S. (2017). The United Nations World Water Development Report 2017. Wastewater: The Untapped Resource. The United Nations World Water Development Report, http://www.un.org/en/sections/issues-depth/water/.
2.Kibaroglu, A., & Scheumann, W. (2011). Euphrates-Tigris rivers system: Political rapprochement and transboundary water cooperation. In Turkey’s water policy (pp. 277-299). Springer Berlin Heidelberg.
3.Mountjoy, S. (2004). The Tigris & Euphrates River [ie Rivers]. Infobase Publishing.
4.Tkachenko, A. (2003). The economy of the Iraq Marshes in the 1990s. The Iraqi marshlands: a human and environmental study, 36-63.
5.Kliot, N. (2005). Water resources and conflict in the Middle East. Routledge, 2.
6.Crist, E., Mora, C., & Engelman, R. (2017). The interaction of human population, food production, and biodiversity protection. Science, 356(6335), 260-264.
7.Scheumann, W. (2003). The Euphrates Issue in Turkish-Syrian Relations. In Security and Environment in the Mediterranean (pp. 745-760). Springer Berlin Heidelberg.
8.Kucukmehmetoglu, M., & Guldmann, J. M. (2004). International water resources allocation and conflicts: the case of the Euphrates and Tigris. Environment and Planning A, 36(5), 783-801.
9.Brooks, D. B., & Mehmet, O. (Eds.). (2000). Water balances in the Eastern Mediterranean. IDRC.a
10.Naff, T., & Hanna, G. (2003). The Marshes of Southern Iraq: a hydro-engineering and political profile. The Iraqi marshlands: a human and environmental study, 169-200.
11.Burleson, E. (2005). Equitable and reasonable use of water in the Euphrates-Tigris river basin.
12.McDowell, T. E. (1998). Water Conflict and the Tigris-Euphrates Water Basin: A Status Report. Colo. J. Int’l Envtl. L. & Pol’y, 9, 202.

نوسینی: قاره‌مان موحه‌مه‌د حه‌سه‌ن،  توێژه‌رو مامۆستاى زانكۆ
 ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان وه‌رگیراوه‌
a