عێراق سێ خاڵی کردووەتە بنەما بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەغداد سێ مەرجی هەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر، کە بریتین لە (نەوت و فڕۆکەخانە و سنوورەکان).

ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە شاری سلێمانی بە ڕۆژنامەنووسانی وت “حکومەتی عێراقی سێ خاڵی کردووەتە بنەما بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، کە بریتین لە نەوت و فڕۆکەخانە و سنوورەکان، ئەوەش لە گفتوگۆدا چارەسەر دەکرێت کە بە ھاوبەشی بەڕێوەببرێن یان بە چ شێوەیەکی تر بێت، چونکە ھەریەکەیان یاسای ھەیە و حکومەتی ناوەندی بە ویستی خۆی ناتوانێت مەرجەکانی بسەپێنێت بەسەر ھەرێمدا”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، عێراق ئەو بڕە نەوتەی دیاریکراوە دەیفرۆشێت، پشکی ھەرێمیش دیاریکراوە، کاتێکیش بەغداد پشکی هەرێم دەنرێت، کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو نەوتەی لەژێر دەستیدایە ڕادەستی بکات.


هەر لەبارەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد وتی “ئەو کێشانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووەوە ھەیە، مەگەر حکومەتێکی تازە دروست ببێت و ئەو حکووەتە چارەسەری ئەو ناکۆکییانە بکات، چونکە ئەو ناکۆکیانە وەک خۆی ماوە و بابەتەکانی نەوت و فڕۆکەخانە و سنوورەکان لە ٢٠١٣ ەوە ناکۆکیان لەسەرە”.

ئەوەشی وت کە “ئەگەر ئیرادەی سیاسی نەبێت، لەو باوەڕەدا نیم ھەڵبژاردن بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات”.