خاوەنی کێڵگە پەلەوەریەکانی دەڤەری راپەڕین، بەهۆی زۆری گرفتەکانیان ناتوانن وەک ساڵانی رابردوو لەنێو کێڵگەکانیان مریشک بەرهەم بهێنن، ئەمەش وای کردووە نیوەیان دەستبەرداری کارەکەیان ببن.
مستەفا عەبدوڵا، خاوەنی یەکێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی دەڤەری پشدەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، دەڵێت: “کێڵگە پەلەوەرییەکانم لەم وەرزەدا زۆر پێویستیان بە گاز و غازە بۆ دابینکردنی گەرمی و کارەبا، لە بازاڕیشدا نرخی هەردووکیان گرانە و لەلایەن حکوومەتیشەوە هیچ کارئاسانییەک نەکراوە بۆ دابینکردنیان، هەروەها بەهۆی داخرانی سنوورەکانیش ئێستا جووجکەمریشک هاوردە ناکرێت و پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبەسترێت، ئەمەش وای کردووە نرخی هەر جووجکەیەک لە 50 سەنتەوە بۆ 65 سەنت بەرز ببێتەوە، جگە لەمانەش ئالیک بە هیچ شێوەیەک نرخی دانەبەزیوە”.
بەپێی قسەی مستەفا: “بەهۆی قەیرانی دارایی ئێستا وەک ساڵان بازاڕی فرۆشتنی مریشک گەرم نییە و خەڵک وەک جاران نایکڕێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی خاوەن کێڵگەکان لە کاتی خۆیدا و دەستبەجێ کێڵگەکانیان پڕ نەکەنەوە لە مریشک، ئەوانەشی کە بە تەواوی کێڵگەکانیان داناخەن، دەیانەوێت بێ ئیش نەبن و قەرزەکانیان کە لەلایەن مریشک فرۆشەکانە دەستیان بکەوێتەوە، ئەگەرنا وەک ساڵان خێری نەماوە”.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە دەڤەری راپەڕین، نزیکەی 150 کێڵگەی پەلەوەری مۆڵەتدار و بێ مۆڵەت هەن، داخرانی ئەو کێلگانەش هۆکارێکن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە بازاڕ.
ئەحمەد حەمە، یەکێکی دیکەیە لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و دەڵێت: “مانگێک پێش ئێستا زۆربەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زیانیان بەرکەوت، بەڵام ئێستا کەمێک نرخی مریشک بەرز بووەتەوە، بۆ نموونە نرخی کیلۆیەک مریشک لەنێو کێڵگەکان لە 1600 دینارەوە بۆ 2600 دینارە”.
ئەحمەد دەشڵێت: “لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا لە دەڤەری راپەڕین 3 کێڵگەی پەلەوەری لەبڕی قەرز لە خاوەنەکانیان ستێندراون و دەیانی دیکەش خەریکە ئیفلاس دەکەن”.
دەتواندرێت بە 45 رۆژ جارێک مریشکی نێو کێڵگەکان بخرێنە بازاڕ، چونکە هەر مریشکێک لەو ماوەیەدا دەبێتە 2 کیلۆ و لە رووی تەندروستیشەوە زۆر گونجاوە، بەڵام خاوەن کێڵگەکان دەڵێن: “زۆربەی خەڵکی ئارەزوو لە مریشکی گەورە دەکەن، بۆیە 60 رۆژ جارێک بەرهەمەکانمان دەخەینە بازاڕ”.
ساڵانی رابردوو رێژەیەکی زۆر مریشک بە قاچاخ هاوردە دەکران، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی هەبوو، بەڵام مستەفا عەبدوڵای خاوەن کێڵگەی پەلەوەری وتی: “ئێستا سنوورەکان زۆر توندن و وەک ساڵان ناتواندرێت مریشکی زیندوو بە قاچاخ هاوردە بکرێت، بەڵام مریشکی سەربڕاو هاوردە دەکرێت”.
سەبارەت بە گرفتی نەخۆشکەوتنی مریشکی نێو کێڵگە پەلەوەرییەکان، سەردار خەلیل، پزیشکی پسپۆری بواری ڤێتەرنەری وتی: “هەموو وەرزەکانی ساڵ بەبێ جیاوازی کاریگەرییان هەیە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی لەنێو پەلەوەری خۆماڵی و پەلەوەری نێو کێڵگەکان، بەڵام ئێستا بە گشتی خاوەن کێڵگەکان گرنگیی بە تەندروستی پەلەوەرەکانیان دەدەن، ساڵانی رابردوو هەندێک کێڵگەی پەلەوەر رێژەی هیلاکی و مردنی مریشکەکانیان زۆر بوو، بەڵام ئێستا ئەوپەڕی زۆر بێت مردنی مریشکەکان لەنێوان سەدا 10 بۆ سەدا 15 دەبێت”.