ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێداچوونەوە بەڕێگە پێدانی كۆمپانیاكان بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی دەكات و هەوڵی هەرزانكردنی نرخی بەنزینیش دەدات.
هۆشیار ئیسماعیل جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: من وەك ئەندامێك لە لیژنەكەدا پێشنیازێكم پێشكەش بە لیژنەكەمان كردووە بۆئەوەی لەسەر نرخی بەنزین و سوتەمەنی بەگشتی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی دانیشتنێك ئەنجام بدەین ، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ پارێزگار قسەم كردووە و ڕەزامەندی بۆ كۆبونەوەكە دەربڕیووە.
وتیشی: بڕیارە لە دانیشتنەكەدا پێداچوونەوە بكەین بەو ڕێگەپێدانانەدا كە دراوە بە كۆمپانیاكان بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی و وەرگرتنی نرخی ئەو شوێنانەش كە بەنزین و سوتەمەنی لێ هاوردە دەكرێت لەگەڵ قازانجی بازرگانەكان.
جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای ئاماژەی بەوەشدا ، ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ناتوانین نرخ دیاری بكەین ، بەڵام دەتوانین كێبڕكێ لەنێوان كۆمپانیاكان دروست بكەین بۆ كەمكردنەوەی نرخی بەنزین و باشتركردنی كوالێتییەكەی.
PUKmedia