سلێمانی: هاوڵاتیان لەبەكارهێنانی باسترمە ئاگادار دەكرێنەوە

باسترمە، ئەو گۆشتی قیمەكرا و ئامادەكراو بە تام و بۆنی تایبەت، لەلایەن كارگەی خواردەمەنیەوە و لەزەرفـی تایبەت ئامادە دەكرێت بە بەكارهێنەرانی دەفرۆشرێت، ماوەیەكە بەشێك لە گۆشتفرۆشەكانی سلێمانی ئامادەی دەكەن، سەرۆكی لیژنەی دوو رایدەگەیەنێت: دروستكردنی لەدەرەوەی كارگەی خواردەمەنی سەرپێچیكردنە.

شۆرش كەمال سەرۆكی لیژنەی دووی سەربەلیژنە هاوبەشەكان ووتی: بەشێك لە گۆشتفرۆشەكانی شاری سلێمانی باسترمە دروست دەكەن لەگەڵ ئەوەی رێگە پێدراو نیە، مەرجە تەندروستیەكانیشی تێدا رەچاوناكرێت، و پێویستە لە كارگەی ئامادەكردنی خواردەمەنی بەرهەم بهێنرێت.

 سەرۆكی لیژنەی دوو ووتیشی: لەدروستكردنی باسترمەدا، زەرفـی تایبەت بەو خواردەمەنیە بەكاردەهێنرێت، بەڵام گۆشتفرۆشەكان ریخۆڵەی ئاژەڵ لەبری زەرفەكە بەكاردەهێنن كە پێچەوانەی مەرجە تەندروستی و ڤێترنەریەكانە.

ووتیشی: لیژنەكە سەرجەم گۆشتفرۆشەكانی ئاگاداركردۆتەوە بە دروستنەكردن و بەكارهێنانی ریخۆڵەی ئاژەڵەكان، بۆیە هەركەسێك پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

نوێنەرەكەی بەرێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی داوای لە هاوڵاتیان و بەتایبەت بەكارهێنەرانی ئەو جۆرە خواردەمەنیە ئامادەكراوە كرد، خۆیان لە بەكارهێنانی بپارێزن و ئەو باسترمە بەكاربهێنن كە لە كارگەی دروستكردنی خواردەمەنیەكان بەرهەم دەهێنرێت.