مووچەی 48 پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان دەبڕدرێت

بەگوێرەی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە‌و خانەنشینی، مووچەی خانەنشینی 48 پەرلەمانتاری خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەبڕدرێت‌و 70 پەرلەمانتاری ئەم خولەش ناتوانن خانەنشین ببن.

بەگوێرەی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی‌و مووچە‌و دەرماڵە‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان، كە ئەمڕۆ لەپەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، چاكسازی لە خانەنشینی سەربازی‌و مەدەنیدا دەكرێت.

لەوبارەیەوە تەلار لەتیف ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە هەموو ئەوانەی لە خوار تەمەنی 50 ساڵییەوەن‌‌و 15 ساڵ خزمەتیان نییە، خانەنشینی نایانگرێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونێكی هەفتەنامەی ئاژانس، مووچەی خانەنشینی 48 پەرلەمانتاری هەردوو خولی دووەم‌و سێهەمی پەرلەمانی كوردستان دەبڕدرێت، كە 15 پەرلەمانتاری گۆڕان‌و 11 پەرلەمانتاری پارتی‌و 10 پەرلەمانتاری یەكێتی‌و 7 پەرلەمانتاری كۆمەڵ‌و 5 پەرلەمانتاری یەكگرتوون.

هەروەها بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە 70 پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، لەوانەش 21 پەرلەمانتاری پارتی‌و 19 پەرلەمانتاری گۆڕان‌و 14 پەرلەمانتاری یەكێتی‌و 10 پەرلەمانتاری یەكگرتوو، لەگەڵ 6 پەرلەمانتاری كۆمەڵ یاسای خانەنشینی نایانگرێتەوە.