24 هەزار گەنج بەهۆی پڕۆژەكانی قەرزی بچووكەوە كاریان دەستكەوتووە

بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووكەكانی لاوان، دەڵێت لەلایەن گەنجانەوە داواكارییەكی زۆر بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك هەیە، حكومەتیش لەوە تێگەیشتووە كە قەرزەكە رۆڵی كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ هەیە، بۆیە رەزامەندییان داوە لە مانگی نیساندا دەست بەوەرگرتنی قەرزەكان بكەنەوە و دووبارە بیدەنەوە بە قەرز.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سندووقی پشتیوانی لە پرۆژە بچووكەكانی لاوان، لە مانگی ئابی 2011 تاوەكو كۆتایی ساڵی 2015، هەشت هەزار و 136 كەس لە وەرگرتنی قەرزی بچووك سوودمەند بوونە، 76 ملیار و 838 ملیۆن و 900 هەزار دیناریش لە رێگەی ئەو سندووقەوە بە قەرز دراوەتە گەنجان.

بەپێی ریزبەندی، زۆرترین سوودمەند لەو قەرزە لە شاری سلێمانییە بە 2.462 پرۆژە، دهۆك بە 2.442 پرۆژە بە پلەی دووەم دێت و هەولێر بە 2.346 پرۆژە و گەرمیان بە 886  پرۆژە بە پلەی سێیەم و چوارەم دێن، بەڵام لە وەرگرتنی زۆرترین پارەدا هەولێر بە وەرگرتنی 22 ملیار و 43 ملیۆن دینار لە پلەی یەكەمدایە و دهۆك بە 22 ملیار و 755 ملیۆن لە پلەی دووەم، هەروەها سلێمانی بە 22 ملیار و 314 ملیۆن و گەرمیان بە وەرگرتنی 7 ملیار و 725 ملیۆن پلەی سێیەم و چوارەمیان گرتووە. 

بەپێی یاسای پرۆژەكە، دەبووایە حكومەت ساڵانە 25 ملیار دینار بۆ پرۆژەكە دابین بكات، تا ئەوكاتەی داهاتی سندووقەكە دەبێتە 500 ملیار دینار، بەڵام تەنیا ساڵی 2011 و 2012 حكومەت پابەندبوو بە دابینكردنی پارەكە و 12 ملیار دیناریشی لە بودجەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ پرۆژەكان تەرخان كرد و ساڵی 2013 یش 14 ملیاری دیكە تەرخانكرا، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، ماوەی دوو ساڵە هیچ بڕە پارەیەك بۆ سندووقەكە دابین نەكراوە، وەرگرتنەوەی قەرزەكانیش وەستێنراوە.

ئارام ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی لە پرۆژە بچووكەكانی لاوان (قەرزی بچووك) لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند: “سندووقەكەمان خاوەنی سەرمایەی تایبەت بەخۆی بوو، بۆیە تا 10 ی كانوونی دووەمی 2016 ، واتە دوو ساڵ پاش سەرهەڵدانی قەیرانی داراییش بەردەوام بوو، بەڵام دواتر بە بڕیارێك بەخشینی قەرزەكە وەستێندرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو 29 ملیار و 949 ملیۆن و 539 هەزار دینارمان لەبانكدا هەبوو”.

 هەتا ئەو كاتەی پرۆژەكە وەستێندرا، مانگانە یەك ملیار و 200 ملیۆنیان لە سوودمەندبووان وەردەگرتەوە، بەمەش دەیانتوانی درێژە بە پێدانی قەرزەكە بدەن، بەڵام حكومەت پرۆژەكەی راگرت.

ئارام ئەنوەر پێیوایە سندووقەكە ئامانجی خۆی پێكابوو، چونكە لە ماوەی چوار ساڵدا 8000 گەنج بوونە خاوەنی پرۆژە، زیاتر لە 24 هەزار گەنجیش بەهۆی ئەو پرۆژانەوە كاریان دەستكەوت. بۆیە دەڵێت “ئەگەر پرۆژەكە بەردەوام بووایە، رێژەی بێكاری لە 6.5%ەوە بۆ 15% بەرز نەدەبووەوە”.
 
قەرزی بچووك دەدرێتەوە
ئارام ئەنوەر دەڵێت لەلایەن گەنجانەوە داواكارییەكی زۆر هەبوو بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك، بۆیە حكومەت لێژنەیەكی باڵای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ بە بەدواداچوونی سوودی دووبارە دەستپێكردنەوەی قەرزەكان پێكهێنا، لێژنەكە لەوە تێگەیشت كە قەرزەكە رۆڵی كاریگەری هەیە لە كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ، بۆیە رەزامەندییان داوە بۆ دووبارە وەرگرتنەوە پارەی قەرزی سوودمەندان و دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە لەپارەی گەڕاوەی قەرزەكە.

ئارام ئەنوەر وتی: “لێژنەكە بریاری دا لە سەرەتای ساڵی نوێ قەرزەكان وەربگرینەوە، بەڵام ئێمە پێشنیازمان كرد لە مانگی نیسان وەریبگرینەوە و بەپێی بڕی قەرزی گەڕاوەش لە پارێزگاكان دەست بە پێدانی قەرز بكەینەوە”. 

بەپێی رێنماییەكانی سندووقی پشتیوانی لە پڕۆژە بچووكەكان، دەبێ‌ سوودمەندبوو هاووڵاتیی كوردستان بێت و تەمەنی لەنێوان 16 بۆ 35 ساڵ بێت، توانای بەڕێوەبردنی پرۆژەی هەبێت، كارمەندی حكومی و كەرتی تایبەت نەبێ. پرۆژەكەش دەبێت لە بواری بازرگانی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، كشتوكاڵ، گەشتیاری و هەندێ جۆری دیكە بێ.

هەر بەپێی یاسا و رێنماییەكانی سندووقەكە، بەرزترین ئاستی قەرز 15 ملیۆن دینارە. بڕی قەرزەكەش بەپێی خەمڵاندنی جۆری پڕۆژەكە دەگۆڕێت، پارەكەش بەدوو قۆناغ دەدرێت و دەبێت لە ماوەی شەش ساڵدا بگەڕێتەوە، وەرگرتنەوەشی دوای ساڵێك لە وەرگرتنی یەكەم قیست دەستپێدەكات، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە ماوەی دوو ساڵە وەرگرتنی قەرزەكان وەستێنراوە.

ستار محەممەد، گەنجێكی شاری سلێمانییە و پێشتر بەشێوەی كلاسیك لە ماڵەوە كونجیی دروست دەكرد و لە بازاڕ دەیفرۆشت، بەڵام لەساڵی 2012دا 10 ملیۆن دیناری لە حكومەت بە قەرز وەرگرت و ئامێرێكی پاكەتكردنی كونجیی كڕی.

ستار وتی “پێشتر كونجی لەسلێمانی لەسەر عارەبانە لە قاپی نایلۆندا دەفرۆشرا، زۆرجار تۆزی زۆری لەسەر دەنیشت، من لەڕێگەی كڕینی ئامێرێك لە ئێران بۆ یەكەمجار لە سلێمانی توانیم ئەم شێوازە بگۆڕم، كونجی بەنایلۆن رووپۆش بكەم و لەجیاتی قاپ لەكارتۆندا دایبنێم، كاتی دەرچوون و بەسەرچوونیشی لەسەر چاپ بكەم. دوای منیش چەند كارگەیەكی دیكە تەقلیدی كارەكەی منیان كردووە. بەهۆیەوە شێوازی ئامادەكردنی كونجی لە سلێمانی، لەكلاسیكەوە بۆ هاوچەرخ گۆڕا”.

 بەرهەمی رۆژانەی كارگەكەی ستار نزیكەی 30 كارتۆنە، وەك خۆی دەڵێت خواستێكی زۆر لەسەر بەرهەمەكەی هەیە، بۆیە بەنیازە پەرە بە كارگەكەی بدات. ستار گوتی “زەوییەكم كڕیوە لە داهاتوویەكی نزیكدا كارگەكەم فراوان دەكەم و بەرهەمی زیاتر دەخەمە بازاڕ”.

ئەو تاوەكو ئێستا 60%ی قەرزەكەی بۆ حكومەت گەڕاندووەتەوە، قیستەكانی دیكەش لەكاتی دیاریكراو دەگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵكانی دیكەش لەو قەرزە سوودمەند ببن.

لە سنووری پارێزگای دهۆك 2442 گەنج سوودمەند بوون لە قەرزەكە، لەم ژمارەیە تەنیا 150یان خانمن.  گوهدار عەبدوڵڵا یوسف  بەرپرسی نووسینگەی دهۆكی قەرزی بچووك، دەڵێت “لە چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار گەنج لە دهۆك بەهۆی ئەو قەرزەوە كاریان دەستكەوتووە”.

رووداو