قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان، هاووڵاتییانی ناچار كردووە بە دەستگرتنەوە و كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لە بازاڕەكان كردووە و زیاتر كاڵا و شتومەكی كۆن و باڵەكان بە هۆی هەرزانی نرخیانەوە بازاڕیان گەرمتر بووەتەوە.
لە ئێستادا كە وەرزی سەرما و سۆڵەی زستانە لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی، بازاڕی سۆپای كۆن كە نرخیان بەراورد بە سۆپای نوێ هەرزانترە بازاڕیان زیاترە و كاسبكارەكانیش دەڵێن زۆرێك لە هاووڵاتییان بە هۆی كەمی نرخەكەیەوە پەنا بۆ ئەو جۆرە سۆپایانە دەبەنەوە كە لە ساڵانی پێشتردا و بە هۆی كۆنی مۆدێلەكانیانەوە بە نرخێكی كەم لە لایەن ماڵانەوە دەفرۆشران و سۆپای نوێ دەكڕدران.
هەروەها كەمی و نەبوونی سووتەمەنی و گرانی نرخەكەی لە بازاڕدا، وای كردووە زۆرێك لە دانیشتوانی شارەكە بۆ خۆگەرمكردنەوە پەنا بۆ ئامێرە كارەباییەكان بەتایبەت هیتەر ببەن و ئەو ئامێرانەش بە زۆری لە بازاڕەكانی شارەكەدا دەبینرێن.
لە لایەكی ترەوە، ئەو كەسانەشی كاری چاكکردنەوەی سۆپا و ئامێرەكانی تر دەكەن لە ئێستادا و بە هۆی بەكارهێنانەوەی سۆپا كۆنەكانەوە بازاڕیان گەرم بووە و لە هەریەك لەو دوكانانەدا، چەندین سۆپای كۆن دانراون بۆ چاكکردنەوە و ئامادەكردنەوەیان بۆ بەكارهێنانیان.