قەیرانى دارایى و ئابوورى کوردستان لە ساڵى 2017 درێژکراوەى سەرەتاى رەوشى ئابوورى ودارایى ساڵى 2014یە کە لەیەک کاتدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و دابەزێنى نرخى نەوت و مەترسیەکانى داعش لەسەر کوردستان دەستى پێکرد، جگە لەوەش عێراق بەبیانوى ئەنجامدانى ریفراندۆمى سەربەخۆیى زیاتر لە 13 رێکارى جیاوازى دژ بەهەرێمى کوردستان گرتەبەر، کەبەشێکى زۆر لەو ڕیکارانە کاریگەرى لەسەر پەرەسەندنە ئابووریى ودارایى هەرێمى کوردستان کە لەساڵانى 2003 تاوەکو 2013 دروستبووە هەبووە.
١- ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانییەکانى کوردستان
حکومەتی عێراق بەروارى 29-9-2017، بڕیاری راگرتنی گشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی خستەبواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەبەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری کوردستان، پەرلەمانی عێراق 12 بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان پەسند کرد کە یەکێکیان راگرتنی گشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بوو.
زیانی رۆژانەی وەستانی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بە زیاتر لە 400 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت و هاتووچۆی گەشتیارانیش رۆژانە لە نزیکەی حەوت هەزار کەسەوە بۆ نزیکەی هەزار و 750 کەس کەمبووەتەوە.
٢- لەدەستدانى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک
کەرکوک کە خاوەن 8 کێڵگەى سەرەکى نەوتە و لە ئێستادا لە پێنج لەو کێڵگانە بەرهەمهێنانى نەوت بەردەوامە، هەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانى باى حەسەن و ئاڤانا لە ناوەڕاستى ساڵى 2014 تاوەکو 16ى ئۆکتۆبەرى ئەمساڵ لەهەرێمى کوردستانەوە بەکاردەهێنرا، بەڵام بەهۆى هێرشەکانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق کوردستان هەردوو کێڵگە سەرەکییەکەى لەدەستدا کە بەرهەمى رۆژانەى نزیکەى 300 هەزار بەرمیل نەوت بووە کە نزیکەى 50 لەسەدى بەرهەمى رۆژانەى کوردستانە.
٣- داخستنى دەروازە سنورییەکان
وەک کاردانەوە بەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسیی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق، بەروارى 15-10-2017، ئێران هەرسێ دەروازەی باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخانی داخست، دوای 10 رۆژ دەروازەی باشماخی کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دوو دەروازەکەی دیکە نەکراونەتەوە.
٤- فۆرمی خۆراکی هەرێمی کوردستان
حکومەتی عێراق فۆرمی خۆراکی شارەکانی هەرێمی کوردستانی بە عەرەبی چاپکردووە و نووسینی کوردی لەسەر لاداوە، لەکاتێکدا بەپێی ماددەی 4 ی دەستووری عێراق، زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا و دەبێت بەڵگەنامە فەرمییەکان بە هەردوو زمان دەربکرێن، تەنانەت پارە و پاسپۆرت و پوولیش.
٥- مایەپووچبوونى کۆمپانیاکان
لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و کەمبوونی بڕی پارەی بەردەستی نەختی لەبازاڕدا، بەشێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند، بەپێی ئامارەکانى بەرێوەبەرایەتى تۆمارى کۆمپانیاکان لە ساڵی 2017 دا نزیکەی 540 کۆمپانیا مایەپووچبوون.
٦- داخستنى هوتیل و موتیل
کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و داخستنی خاڵە سنوورییەکان لەلایەن بەغداوە، جموجۆڵی گەشتیاری لە کوردستان زۆر سست بووە و بەو هۆیەشەوە لەماوەى ئەمساڵ زیاتر لە 200 هوتێل و موتێل لە کوردستان داخراون.
٧- کڕین و فرۆشتنى دراوە ئەلیکترۆنییەکان
لەماوەى ئەم ساڵەدا لە عێراق و هەرێمى کوردستان ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى دەستیان بەکڕینى بیت کۆین و وەن کوەین کردووە، هەروەها زیاتر لە هەزار و 320 جۆر دراوی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا هەیە
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی یەکشەممە 3-12-2017 لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە: “دراوی بیت کۆین تەنیا دراوێکی ئەلیکترۆنییە و لەڕووی ماددییەوە دراو نییە، بۆ کڕین لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەکاردەهێندرێت بە رێگەی کارتی بیتکۆین یان دەگۆڕدرێتەوە بۆ دراوی راستەقینە.
٨- رۆسنەفت و حکومەتى هەرێمى کوردستان
کۆمپانیای رۆسنەفت و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی بۆری هەناردەکردنی گازی سرووشتی کوردستان بۆ تورکیا و ئەوروپا. کۆمپانیاکە بڕی یەک ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ راکێشانی بۆری گازی سرووشتی بۆ تورکیا. بۆرییەکە توانای گواستنەوەی ساڵانە 30 ملیار مەتری سێجا گازی سرووشتی هەیە.
٩- پرۆژە یاساى بودجەى 2017ى عێراق
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی 2018ی پەسەندکرد و ڕەوانەى پەرلەمانى عێراق کراوە پشکی هەرێمی کوردستان لە 17% بۆ 12.67% کەمکراوەتەوە.
١٠- کەرتى خانووبەرە
بەهۆى کاریگەرى قەیرانى دارایى و ئابوورى کوردستان لە ساڵى 2017 ڕەوشى کەرتى خانووبەرە ڕووبەرى داشکانى گەورە بوویەوە، کەبەشێکى پەیوەندى ڕاستەوخۆى بەهۆى تێکچوونى پەیوەندییەکانى هەرێم و عێراق و هەروەها ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر و گەرانەوەى ئاوارەکان لەکوردستانەوە هەیە و نرخى خانوو بە رێژەى نزیکەى 30% دابەزێنى بەخۆییەوە بینیوە بەراورد بە ساڵى 2016، بەهەمان شیوە کرێى خانوو بە رێژەى 20% داشکاوە بەراورد بەساڵى ڕابردوو.