بۆرسه‌ی عێراق رایگه‌یاند، له‌هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ساڵی نوێ‌دا ئاڵوێر به زیاتر له ملیارێك پشكه‌وه كراوه، له بۆرسه‌ی عێراقدا، 42 كۆمپانیا به‌شدارییان له‌و مامه‌ڵانه‌دا كردووه.
ته‌ها ئه‌حمه‌د عه‌بدولسلام به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری بۆرسه‌ی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند”له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا كه رۆژی چواری كانونی یه‌كه‌م كۆتایی هاتووه، كه هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ساڵی نوێ بوو، بۆرسه‌ی عێراق سێ دانیشتنی بۆ بازاڕی فه‌رمی رێكخست، هاوكات دوو دانیشتنی بۆ بازاڕی ده‌ستی دوو رێكخست، كه كۆمپانیاكانی تۆماركراو (101) بوون، (72) كۆمپانیای تۆماركراویان بۆ بازاڕی فه‌رمی بوون، (29) كۆمپانیای تۆماركراویشیان بۆ بازاڕی ده‌ستی دوو بوون”.
به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری بۆرسه‌ی عێراق جهختیشیكردۆتهوه “بۆرسه له‌ماوی ئه‌و هه‌فته‌ی رابردووه‌دا (42) كۆمپانیا به‌شدارییان له ئاڵوێردا كردووه، (38)یان له بازاڕی فه‌رمی و (4)یان له بازاڕی ده‌ستی دوودا به‌شداربوون، ژماره‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له ئاڵوێر راگیراون له‌به‌ر پابه‌ندنه‌بوونیان به پێشكه‌شكردنی ژمێره‌ی وه‌رزی و ساڵانه‌یان به ده‌سته بریتبوون له (22) كۆمپانیا”.
ته‌ها ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت “ژماره‌ی ئه‌و پشكانه‌ی له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا ده‌ستاوده‌ست و ئاڵوێریان پێوه‌كراوه گه‌یشتۆته (1,386,866,157) پشك، هه‌روه‌ك نرخی پشكه‌كانی ئاڵوێرپێوهكراو گه‌یشتۆته (1,159,592,429) دینار، ژماره‌ی ئه‌و بۆندانه‌ی جێبه‌جێكراون گه‌یشتۆته (918) بۆند”.