بڕێكى زۆر ته‌قه‌مه‌نی و یارى ئاگرین له‌ سلێمانى ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا

له‌ رۆژانى جه‌ژنى سه‌رى ساڵى نوێى 2018 دا بڕێكى زۆر له‌ ته‌قه‌مه‌نى و یارى ئاگرین له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا.

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا، پۆلیسى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ “له‌گه‌ڵ هاتنی جه‌ژن و بۆنه‌كاندا دیارده‌ی به‌كارهێنانی ته‌قه‌مه‌نی منداڵان و یاری ئاگرین سه‌رهه‌ڵده‌دات، بۆ رێگری كردن له‌دیارده‌كه‌ هێزه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی ماركێت و شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌ن و له‌ هه‌رشوێنێك ئه‌و جۆره‌ یارییه‌ زیان به‌خشانه‌ ببینرێت ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت”.

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو “بۆ ئه‌و به‌مه‌به‌سته‌ش له‌ ئه‌نجامی گه‌ڕان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شوێنه‌كان هێزه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – به‌شی پۆلیسی ڕێكاری توانییان ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێكی زۆر له‌ ته‌قه‌مه‌نی و یاری ئاگریندا بگرن كه‌ به‌پێی مه‌رج و رێنماییه‌كان به‌كارهێنانیان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌”.

پۆلیسى سلێمانی راشیگه‌یاندووه‌، ده‌ستبه‌سه‌ر ئه‌م بڕه‌ ته‌قه‌مه‌نی و یارییه‌ ئاگرینانه‌دا گیراوه‌؛

12 كارتۆن ته‌قه‌مه‌نی جۆری ڕێوی 
270 پاكه‌تی بچوك جۆری ڕێوی 
2 فه‌رده‌ ته‌قه‌مه‌نی جۆراوجۆر 
56 ته‌ڵقه‌ ته‌نوره‌ 
4 كارتۆن ته‌قه‌مه‌نی جۆراوجۆر