بانگێشتنی 70 دەوڵەتی دنیا ده‌كرێت بۆ بەشداری كردن لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە، كە بە مەبەستی بەشداریكردنیان لە كۆنگرەی كۆمەكبەخشانی عێراق، كە بڕیارە مانگی داهاتوو لە كوێت بێتە سازكردن، بەنیازن 70 دەوڵەت بانگێشت بكەن.

مەهدی عەلاق هەروەها سەرۆكی تیمی عێراق بۆ رێكخستنی لەو بارەوە دووپاتی كردەوە، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ كوێت هەیە بۆ بانگێشتنی 70 دەوڵەتی دنیا بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەكە، كە مانگی داهاتوو لە كوێت دێتە سازكردن.

زیاتر وتی، وەك سەرەتا ژمارەی وڵاتانی بانگێشتنكراو بۆ كۆنگرەكە لە 70 كەمتر نابێت لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپایی و ئەمەریكا و ئاسیایی و پێشبینی دەكەین، كە بەشداریكردنەكە فرەوان بێت و ئاماژەی كرد، عێراق و كوێت رێككەوتوون، كە بەشداریكردنەكە لەسەر ئاستی وەزیران بێت و هەفتەی داهاتوویش ناوی وڵاتە بانگهێشتنراوەكان تەواو دەبێت.

روونی كردەوە، هەر لەو كۆنگرەدا رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی كوێت بۆ پەرەپێدانی مرۆیی بەشداری دەكەن.

دوای سێ ساڵ جەنگی داعش و ئەو وێرانكارییەی بەهۆی جەنگی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش داگیری كردبوون دروست بوو، ئێستە هەوڵێك هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەیان، بەڵام چاودێران پێیان وایە كە ئەگەرچی تێچووی ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە دەگاتە دەیان ملیار دۆلاری ئەمەریكایی، بەڵام هاوكات بەشداریكردنی وڵاتانی كۆمەكبەخش بەمەرجی ئاسان نابێت بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە لە پێشەوەیان سعوودیە، كە یارمەتییەكانی پێوەست دەكات بە سیاسەتی عێراق لە بەرانبەر ئەو وڵاتە و ئێراندا.