پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، عەلی حەمەساڵح ئاشكرایدەكات سێ گومرگی نایاسایی لە هەرێمی كوردستان دانراون كە “سەرانە” لەبازرگانان وەردەگرن. داواش لەسەرۆكایەتی حكومەت دەكات بەزوترین كات ئەو كارە نایاساییە رابگرن و لێپێچینەوە لەگەڵ بكەرانیدا بكرێت.
عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ(شەممە) لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكایەتی حكومەت رایگەیاندوە كە بەپێی بەدواداچونیكی چەند رۆژیی خۆی سێ گومرگی نایاسایی دانراون و رۆژانە سەدان هەزار دۆلار “سەرانە” لە بازرگانان وەردەگرن.
ئەوەشی خستۆتەڕو كە وێڕای ئەوەی كارەكە لەسەدا سەد نایاساییە، پارەكەی بۆ چەند بەرپرسێكی دەسەڵاتدارەو جگەلەوەی گەندەڵیشە، بۆتە بارگرانییەكیش لەسەر بازاڕ و بازرگانان.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گومرگدا قسەی كردوەو پێی وتوە ئەو كارە پەیوەندی بەوانەوە نییە و داهاتەكەشی بۆ ئەوان نییەو جەختیشی لەسەر نایاسایی بونی كردۆتەوەو وتوشیەتی”ئێمەش دژی ئەو كارەین.”
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشداوە كە بڕی ئەو پارەیەی لە بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلەكان وەردەگیرێت زۆرە بەڵام لەسەر ئەو پسوڵەیەی كۆمپانیاكە دەیدات بڕی پارەكە نانوسرێت.
وتوشیەتی”به پسوڵه‌یه‌کی ناڕه‌سمی که هی حکومه‌ت نییه، هه‌ر تانکه‌رێک سوته‌مه‌نی بێته نێو هه‌رێمی کوردستان لە 1500 دۆلار بۆ که‌متری لێوه‌رده‌گیرێت، لەبەرامبەر رۆیشتنی هه‌ر تانکه‌رێکیش بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم 300 دۆلار وه‌رده‌گیرێت، گرنگ نییه تانکه‌ره‌که‌ش چه‌ند ته‌ن باری تێدایه.”
ئاشكراشیكردوە”بۆ بارهه‌ڵگری چیمه‌نتۆو ئارد و کاشی و هه‌مو کاڵایه‌ک له 50 هەزار دینارەوە تا یەك هەزار دۆلار سەرانە وەردەگیرێت.”
عەلی ئەو سێ شوێنەشی ئاشكراكردون كە گومرگی نایاساییان لێ دانراوە كە بەپێی قسەی ئەو بریتین لە: یەكەم؛ ڕێگای سه‌رگه‌ڕان -دیبه‌گه. دوەم؛ سەر ڕێگای خازر. سێیەم؛ له نزیک فیشخابور بۆ سوریا.
لەكۆتاییشدا داوای لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كردوە لەزوترین كاتدا ئەو كارە نایاساییە رابگرن و ئەوەشی بەو كارە هەڵساوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت و وتوشیەتی”بێده‌نگی ئێوه له ئاست ئه‌م کاره ئاماژه‌یه‌کی مه‌ترسداره.”