مەلا بەختیار چارەسەرێكی دارایی دەداتە حكومەتی هەرێم

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبارەی موچەی فەرمانبەران و قەیرانەكانی هەرێم پێشنیارێك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

مەلابەختیار لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، چارەسەری قەیرانی دارایی بەپاشكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران و راگرتنی دامەزراندن ناكرێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لەچارەسەر بكاتەوە بەپێی تواناو بە لەبەرچاوگرتنی داهاتەكانی ناوخۆ.

وتیشی “ئەگەر وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت حكومەتی بەغدا بیر لەداخستنی دەرگای گفتوگۆ بكاتەوە ئەوا هەرێمی كوردستان دووچاری هەڵدێردەبێت و حكومەتی عیراقیش بەهەمان شێوەی هەرێمی كوردستان روبەڕوی كێشە دەبێتەوە”.

بەرپرسەكەی یەكێتی داواشیكرد، تاچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، حكومەتی هەرێم هەنگاوی جدی بنێت بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی موچەی فەرمانبەران. باسی لەوەشكرد، چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەری بنەڕەتی دەبن.

مەلابەختیار چارەسەری كێشەكانیشی بەفرۆشتنی ژمارەیەك موڵكی حكومەت خستەڕو و باسی لەوەشكرد، بەهاوكاری د.عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاماری تەواو وەرگیراوە لەبارەی ئەو موڵكانە بەجۆرێك لەخانەقینەوە هەتا دەگاتە زاخۆ بەدەیان هەزار پارچە زەوی كشتوكاڵی و نیشتەجێبوون هەیە پێویستە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بیر لەفرۆشتنی ئەو موڵكانە بكەنەوەو بەپێی ئامارێكیش 3 بۆ 5 ملیار دۆلار داهات دێتە دەستی حكومەتی هەرێم و دەتوانێت لە پێدانی موچەو بەكارخستنی بانكەكاندا بەكاریان بهێنێتەوە.