لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا كۆمەڵێك وێنەو ڤیدیۆ بڵاوكراوەتەوە لەسەر ئەو شیلكەی لە بازاڕەكاندا بەنرخێكی هەرزان دەفرۆشرێت گوایە بەڕێژەی لە80% پێكهاتەی كیمیایی تێدایەو شێرپەنجەی پێوەیەو پێشتریش بۆ كوەیت هاوردەكراوە.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەوەی بڵاوكراوەتەوە دورە لەڕاستیەوەو هیچ كەسێك نازانێت ئەو مادەیەی تێدایە یاخود نا.
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی راگەیاند: ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەو جۆرە شلیكە بڵاوكردەوە دوورە لە راستییەوەو هیچ كەسێك نازانێت ئەو مادەیەی تێدایە یاخود نا، چونكە ئەو شلیكە هی وڵاتانی دوبەیی و قەتەرو وڵاتانی دەرەوەیەو تا ئێستا ئێمە ئامێرێكمان نییە لە بازاڕەكانداپشكنینی كیمیایی پێ بكەین.
وتیشی:”هەركەسێك ئەو ئامێری پشكنینەی هەیە مەمنونی دەبین هاوكاریمان بكات”.
شاڵاو جەمال راشیگەیاند: پێش قەیرانی دارایش، حكومەت هیچ كاتێك بڕەپارەیەكی بۆ كڕینی ئامێری پشكنین تەرخان نەكردوەو وەك پێویست ئامێری دابیننەكردووە بۆ ئەو خواردەمەنی و میوانەی لەدەرەوە هاوردە دەكرێن، هاوڵاتیانیش لەوە دڵنیادەكەنەوە كە ئەو شلیكە هیچ مەترسیەكی تەندروستی بۆ مرۆڤ نییەو شیاوە بۆ خواردن.
لە لایەكی ترەوە سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی راگەیاند: ” وەك چاودێری بازرگانی تائێستا بەرەسمی ئاگادارنەكراوینەتەوە لەوەی ئەو شلیكە شیاوی خواردن نییە و كۆی ئەو شلیكەی لەبازاڕدا هەیە دەستی بەسەردابگرین و لەناوی ببەین، هەركاتێك داوامان لێكرا دەتوانین لەماوەی كاتژمێرێكدا لەبازاڕدا نەیهێڵین”.
PUKmedia