“چه‌ندین كۆمپانیای جیهانی ده‌یانه‌وێت بۆ كاركردن‌و وه‌به‌رهێنان بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان”

جێگر سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنی وه‌فدی هه‌رێم له‌ گۆنگره‌ی ئابوری داڤۆس ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردچه‌ندین كۆمپانیای جیهانی ده‌یانه‌وێت بۆ كاركردن‌و وه‌به‌رهێنان بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان.
عیماد ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ میانی لێدوانێكیدا به‌ ئێن ئار تی راگه‌یاندوە: كۆمپانیا جیهانییه‌كان ئێستا پێیانوایه‌ زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ كاركردن هه‌یه‌ له‌ هه‌رێم.
وتیشی “ئه‌و كۆمپانیانه‌شی له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن، جه‌ختیان له‌ مانه‌وه‌ كردۆته‌وه‌‌و، چه‌ندین كۆمپانیای تری جیهانیش ده‌یانه‌وێت بێنه‌ كوردستان بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی.”.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدی هه‌رێمی كرد له‌ 41 مین گۆنگره‌ی ئابوری داڤۆس كه‌ له‌ رۆژانی 23 بۆ 27ی ئه‌م مانگه‌ له‌ سویسرا به‌رێوه‌چوو، به‌ به‌شداری جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و وه‌زیرانی سامانه‌ سروشتییه‌كان‌و پلاندانان.