بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند: لە ساڵی 2017دا داهاتی رۆژانەی فڕۆكەخانەكە 37 هەزار دۆلار بووە.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا تاهیر عەبدوڵا ئامارەكانی ساڵی 2017ی خستەڕوو و رایگەیاند: ساڵی 2016، خەرجی فڕۆكەخانەكە زیاتر بووە لە سوودەكەی، بەڵام ساڵی رابردوو تا پێش راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان بە پێچەوانەوە بووە و رۆژانە داهاتی فرۆكەخانەكە 37 هەزار دۆلار بووە.
وتیشی: كۆی گشتی ژمارەی گەشتیاری هاتوو و ڕۆیشتوو، 485 هەزار و 156 گەشتیار بووە، كۆی گشتی فڕۆكەی هاتوو و رۆیشتوو، 7 هەزار و 551 فڕۆكە بووە. ئاماژەی بەوەشكردووە: ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی زیانێكی گەورەی داوە لە فڕۆكەخانەكان و ئابوری هەرێم.
باسیلەوەشكرد، لەمانگی دەوە بەهۆی وەستانی گەشتە نێودەوڵەتییەكان گومرگ وەستاوە و هیچ داهاتێكی نەبووە، بەڵام 36 هەزار و 500 تۆن كاڵای جۆراوجۆر لە نۆ مانگی ساڵی 2017دا گومرگ كراوە، چاودێری دارایی بۆ ماوەی دوو مانگ لێرەیە بۆ بەدواداچوونی داهاتی فڕۆكەخانەی سلێمانی.
وتیشی” داهاتی فڕۆكەخانە لەساڵی 2017دا تا كۆتایی مانگی نۆ باش بووە، بەڵام دوای كۆتایی مانگی نۆ داهات بەڕێژەیەكی زۆر دابەزیوە بەهۆی وەستانی گەشتە نێودەوڵەتییەكان”.
ئاشكراشیكرد، تێكڕای داهاتی فڕۆكەخانەی سلێمانی لە ڕۆژێكدا 37 هەزار دۆلار بووە، ئەم داهاتەش دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و دواتر خەرج دەكرێتەوە.